ھیومان ڕایتس ۆچ دەڵێت تورکیا لە عەفرین دەستی لەھاوڵاتیانی مەدەنی نەپاراستووە
رێکخراوەکە دوێنی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لەئەنجامی ھێرشەکانی سوپای تورکیا لە رۆژانی ، ٢١، ٢٧، ٢٨،ی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بۆسەر عەفرین لانیکەم ٢٦ ھاوڵاتی مەدەنی و ١٧ منداڵ شەھیدبوون.
رێکخراوەکە ڕونیکردووەتەوەکە ڕاپۆرتەکەیان لەسەر بنەمای دیدار لەگەڵ حەوت شایەتحاڵدا ، لەنێوانیشیاندا بریندارەکان، و پێداچوونەوەی ئەو وێنانەی بەدەستیان گەیشتووە لەگەڵ شیکردنەوەی وێنە لە مانگە دەستکردەکانەوە بۆ شوێنی ھێرشەکان ئامادەکراوە.
رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو تورکیا لەشکرکێشییەکی بۆسەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، کەلەژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دایە.بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتوانی عەفرین نزیکەی ٣٢٣ ھەزار کەس دەبێت، لەنێوانیشیاندا ١٢٥ ھەزار ئاوارەی ناوخۆیی شوێنەکانی دیکەی سوریا لەو کانتۆنە دەژین.
" وادیارە ھاوڵاتیانی بێدەسەڵات ڕوبەڕووی ئاوارەکردن و کوشتن دەبنەوە بەھۆی شێوازی لەشکرکێشییەکەی ئەمدواییەی تورکیاوە، " لاما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری ھیومان ڕایتس ۆچ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە.
رێکخراوەکە جەختیکردووەتەوە سەبارەت بە قوربانیانی مەدەنی لە عەفرین، رۆژی ٢٦ی مانگی ڕابردوو نامەیەکی بۆ وەزیری بەرگریی تورکیا ناردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
یاساکانی جەنگ بەتوندی بەئامانجگرتنی ھاوڵاتیانی مەدەنی یان موڵک و ماڵی قەدەغەکردووە، تەنھا لەحاڵەتێکدا نەبێت بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربھێندرێن.
خەندان
