پەرلەمانتارێکی کورد: ترسی دووبارەکردنەوەی سیناریۆی کەوتنی مووسڵ لە کەرکووک هەیە
شاخهوان عهبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنى پارتى دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە هاوکات ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنەکەیە، ڕاگەیاند، سوپای عێراق باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک و چەند شوێنێکی حەویجەی چۆڵ کردووە و بەو هۆیەوە بۆشایی ئەمنی دروست بووە، ئەمەش ترسی لە دڵی خەڵک دروست کردووە.
ئەوەشی نەشاردەوە کە مەترسی ئەوە هەیە، سیناریۆی کەوتنی مووسڵ و هەڵاتنی سوپای عێراق لەو شارە، لە کەرکووکیش دووبارە بکرێتەوە، ”ئەوەش جێگەی قەبوڵکردن نییە“.
شاخەوان عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە لەبارەی ئەو بارودۆخەوە، لەگەڵ لێژنەی ئاسایش و بهرگریی پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵە و پێی ڕاگەیاندوون کە هەر کاتێک مەترسیی زیاتر لەسەر سەنتەری کەرکووک هەبێت، ”ئێمە قەبوڵی ناکەین و هیچ هێزێك ناتوانێت ڕێگر بێت له پارێزگاریكردنى کەرکووک لهلایهن پێشمهرگهوه“. دووپاتیشی کردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە چاودێریی دۆخی کەرکووک دەکەن.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان لە 10/6/2014، هێزەکانی سەر بە سوپای عێراق لە کەرکووک چەکیان دانا و هەڵاتن، هێزەکانی پێشمەرگەش شوێنی گرتنەوە و تا خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە بە گوتەی بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلایەن گرووپێکی خیانەتکاری نێو ئەو حزبەوە ئەنجام درا، شارەکە لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزگاری لێ کرا.
باسنیوز
