حکوومەتی عێراق: هەولێر بە مەرجەکانی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان رازی بوو
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە رۆژنامەی (سەباح جەدید)ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لێژنە تەکنیکییە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا ”هەنگاوی باش“یان ناوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان.
سەعد حەدیسی هەروەها رایگەیاندووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی وەک سەرپەرشتیکردنی فڕۆکەخانەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە رازی بووە.
تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو لێدوانەی گوتە بێژی حکوومەتی عێراقییەوە نەداوە و لە ئەگەری دروستیی لێدوانەکەی حەدیسیشدا، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
باسنيوز
