رووسیا: پێویستە ڕژێمی سووریا لەگەڵ كورد دەست بە گفتوگۆ بكات

رووسیا: پێویستە ڕژێمی سووریا لەگەڵ كورد دەست بە گفتوگۆ بكات
ئەمڕۆ چوارشەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا داوای لە ڕژێمی سووریا كرد لەگەڵ كوردی رۆژئاوا دەست بە گفتوگۆ بكات. گوتیشی گفتوگۆ تاكە ڕێگەی گەیشتنە بەچارەسەرییەكی درێژخایەن.


وەزیری دەرەوەی رووسیا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە مۆسكۆ گوتی "پێویستە لەسەر حكوومەتی سووریا پشت بە پرەنسیپی گەڕاندنەوەی سەروەری خۆی بۆ سەر تەواوی خاكەكەی بكاتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی تەواوی پێكهاتەكان دەستپێبكات، لەنێویشیاندا كورد".


ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ لە كاتێكدایە ماوەی چەند ڕۆژێكە لەلایەن ڕژێمی سووریاوە چەكدارانی هێزێكی میللی رەوانەی عەفرین دەكرێن، بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی یەپەگە بەرانبەر لەشكركێشی سوپای توركیا.


وەزیری دەرەوەی رووسیا هەروەها داوای لە سەرجەم هێزەكانی نێو سووریا كرد دەست بە گفتوگۆ بكەن لەگەڵ رژێمی سووریا بۆ گەیشتنە بەڕێگەچارەیەك و كۆتاییهێنان بەشەڕی ناوەخۆی وڵاتەكە.


لەبارەی چارەسەری كێشەی عەفرینیشەوە دووپاتی كردەوە كە دەبێ كێشەكانی سووریا لەناوەخۆیدا چارەسەر بكرێن.
bas news-
Top