تا ڕەوشی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە، ئەنجوومەن کۆ نابێتەوە
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان، بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، كەركووك و چەند ناوچەیەكی دیكەیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش ئاوارە بوون.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 41 كورسی پێك دێت و لیستی برایەتیی كەركووكیش لە كۆی 41 كورسی، 26 كورسی پێك دێنێت .
محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بڕیارمان داوە وەكو ئەنجوومەن كۆ ببینەوە، بەڵام كۆبوونەوە لە كاتێكدا دەكرێت، كە ڕەوشی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، سوڵتە ڕادەستی مەدەنی بكرێتەوە، مەلەفی ئەمنی ڕادەستی لایەنی ئەمنیی شارەكە بكرێتەوە، حەشد لە ناو شاردا نەمێنێت، ماڵ و بارەگاكان بگەڕێنەوە، ماڵەكان بدرێنەوە خاوەن ماڵەكان، بەتایبەتی ئەو ماڵانەی تاڵان كراون، داگیر كراون، ماڵی من و ئەندامێكی دیكەی ئەنجومەن لە لایەن حەشد داگیر كراون و تاڵان كراون، چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە، ئەگەر ماڵەكانمان ڕادەست نەكرێتەوە. بۆیە ئێمە دەگەڕێینەوە، بەڵام بە مەرجێك حەشد نەمێنێت و بارودۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، كە ئەوكات دەگەڕێینەوە و كۆبوونەوەكانی خۆمان دەكەین، بەڵام ئێستا هیچ شتێك نییە بۆ كۆبوونەوە و كەركووك داگیر كراوە و هیچ كۆبوونەوەیەك ناكرێت."
سەرۆكی لیستی برایەتی ڕوونیشی كردەوە: "ڕۆژانە ڕفاندن و كوشتن لە كەركووك هەیە، پێش دوو ڕۆژ كارمەندێكی ئاسایش شەهید كرا، لە سەعدونییە داعش 27 كەسی كوشتووە، بارودۆخێكی ئەمنیی خراپ هەیە، خەڵك دەڕفێندرێت، پێش ماوەیەك مامۆستایەكی زانكۆ شەهید كرا، بۆیە ڕەوشی ئەمنیی كەركووك خراپە و ناكرێت ئەو ڕەوشە تا سەر بەردەوام بێت."
محەممەد كەمال ئاماژەی بەوەش كرد: "ڕەوشی سیاسی گۆڕانكاری بەسەر دێت، ئێستا ڕەوشی شارەكە باش نییە و لە لایەن سوپا و حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە، چاوەڕوانین بزانین دانیشتنەكانی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی ناوەند دەگەنە چ ئەنجامێك و چی لێ بەرهەم دێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستیان چۆن دەبێت، كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان هاتوونەتە سەر خەت و لەگەڵ مافی كورد و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكەدان".
kdp-
