"هەر پەنابەرێک بگەڕێتەوە هەرێم هاوکاریی مادی دەکرێ"
شاکر یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ھاوکاریی ئەو پەنابەرانە بکەین، کە دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، ئێستا لەگەڵ دوو ڕێکخراوی جیھانی کار بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی گەورە دەکەین وەک ھەنگاوێکی کرداریی ھێنانەوەی ژمارەیەک پەنابەری ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی مافی پەنابەرێتییان پێ نادرێت."
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران ڕوونی کردەوە: "یەکێک لەو پڕۆژانە بە ھاوکاریی jaz جێبەجێ دەکرێت، ھەر پەنابەرێکی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە خەرجی گەڕانەوە و ڕێکارەکانی بۆ دەگرینە بەر و لە کاتی گەیشتنەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان بە بڕێک پارە ھاوکاریی دەکرێت، کە ھەر پەنابەرێک جگە لەو خەرجیانەی بۆ ھێنانەوەی دەکرێت، ھەزار یۆروشی پێ دەدرێت."
شاکر یاسین گوتی: "لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەکەوێتە کار و کار بۆ ھێنانەوەی پەنابەران بە شێوەی ئارەزوومەندانە دەکرێت، ھەر پەنابەرێکیش بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان خۆلی ڕاھێنانی بۆدەکرێت تا کاری بۆ ببینینەوە و بێکار نەبێت، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ھەزار ھاووڵاتی گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان و پڕۆسەی ھاتنەوەی پەنابەرانیش بەردەوامە."
kdp-
