بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو: دۆخی خورماتوو هێشتا سەربازییە و ژیان تێیدا ئەستەمە

 بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو: دۆخی خورماتوو هێشتا سەربازییە و ژیان تێیدا ئەستەمە
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕای دەگەیەنێت، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاكوو ئێستا ئاوارەكانی خورماتوو نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21/2/2018، كاوە مەلاپەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕایگەیاند: "دوای داگیركردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، شتێكی ئەوتۆ لە بارودۆخی خورماتوو نەگۆڕاەوە و ئاوارەكانی خورماتوو نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتییان هەن سەردانی خورماتوو دەكەن بۆ ئەوەی بزانن ماڵەكانیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە زیانی پێگەیشتووە یاخود نا، ئیتر جارێكی تر دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی كە لێی ئاوارەن".

ڕاشی گەیاند: "هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە حكوومەتی عێراق، ئێستا لە كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكەكانی خورماتوو دان و بە گشتی دۆخێكی سەربازی خورماتوو هەیە و ژیان تێیدا زۆر ئەستەمە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، جەختی كردەوە كە تا ئێستا قوتابخانەی گەڕەكە كوردییەكان نەكڕاوەتەوە فەرمانگەكانی تریش وەك پێویست دەستیان بە كارەكانیان نەكردووەتەوە، چونكە خزمەتگوزاری نییە.

ئاشكرای كرد، ئێستا جارێكی تر لە دەوروبەری خورماتوو تیرۆریستانی داعش دەركەوتوونەتەوە و مەترسییەن خستووەتە سەر ناوچەكە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتیی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










(باسنیوز)
Top