ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: ئاگامان لە چۆنیەتیی ناردنی نەوتی كەركوك بۆ دەرەوە نییە
ئەمڕۆ چوارشەممە 21/2/2018، جوان حەسەن، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "وەك ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئاگامان لە چۆنیەتیی ناردنی نەوتی كەركووك و ئەو بڕەی كە دەنێردرێت بۆ دەرەوە نییە و ناشزانین چۆن دەفرۆشرێت، بەڵام پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، لە بەرامبەر ناردنی نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە 10 ملیۆن دۆلاری دەنارد بۆ كەركووك، وەك بودجەی پترۆ دۆلاری شارەكە، ئێستاش حكوومەتی عێراق نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە دەنێرێت، بەڵام بودجەی پترۆدۆلار بۆ شارەكە نانێرێت".
روونیشی كردەوە، نەوتی كەركووك دەبرێت بەبێ ئەوەی سوودی بۆ كەركووكییەكان هەبێت.
جوان حەسەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێشتر كە پارەی پترۆ دۆلار دەنێردرا بۆ كەركووك، پرۆژەی خزمەتگوزاری باش لە كەركووك دروست دەكرا، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك پرۆژەی باشی خزمەتگوزاری هەیە لە كەركووك بەهۆی بێ پارەییەوە وەستێنراون".
ئەو ئەندامەی ئەنجەمەنی پاریزگای کەرکووک ئاشكرای كرد، ئێمەش وەك هاووڵاتییانی ئاسایی دەبینین كە نەوتی شارەكەمان بە تانكەر دەبرێتە دەورەوە، بەڵام ئیتر بڕی ناردنی و بۆ كوێ دەبرێت نازانین".
پێشتر هەفتەنامەی (باس) ئاشكرای كردبوو كە میلشیاكانی حەشدی شەعبی لە بەرامبەر بردنی نەوتی كەركووك لە ڕێگای تانكەرەوە بۆ ئێران، گرووپی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەری ناو یەكێتیی، ڕۆژانە بڕی یەك ملیۆن دۆلار وەردەگرن.
هەر لەمبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆكانى نێوان ههولێر و بهغدا بهردهوامى ههیه، لهسهر پرسی نهوت و ڕێكکهوتنى نێوان ههردوولا نزیكه.
(باسنیوز)
