کۆمەڵ بە مەرجی پابەندبوون بە جلوبەرگی شەرعی خانمە بێژەرێک وەردەگرێتەوە

 کۆمەڵ بە مەرجی پابەندبوون بە جلوبەرگی شەرعی خانمە بێژەرێک وەردەگرێتەوە
دوای دابڕاندنی بۆ ماوەی چەند ساڵێک، کەناڵی ئاسمانیی (پەیام) جارێکی دیکە گرێبەستی لەگەڵ شەیدا ئەڵاکەرەم، خانمە بێژەری هەواڵە سیاسییەکان ئەنجام دا، بەڵام بەو مەرجەی ”پابەندی جلوبەرگی شەرعی بێت“.

فارووق عەلی، بەڕێوبەری گشتیی کەناڵی ئاسمانیی (پەیام) ڕایگەیاند، شەیدا ئەڵاکەرەم ھاتوەتەوە نێو کەناڵەکە و گرێبەستی لەگەڵماندا کردووە و ئێستا لەناوەندی ھەواڵ کار دەکات. ڕوونیشی کردەوە: ”ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتیی کەناڵەکە، ھەمیشە بوونی ئافرەتمان بەباش زانیوە، ھیچ کاتێکیش پێمان وانەبووە ئافرەتان لەنێو کەناڵەکەمان گرفتێک درووست دەکەن“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بەلای ئەوانەوە گرنگە، ئەو خانمانەی لەگەڵیاندا کار دەکەن، ”لە ڕووی پۆشاکەوە ڕەچاوی بنەما شەرعییەکان بکەن“، چونکە ”کەناڵی( پەیام) زمانحاڵی حزبێکی ئیسلامییە“.

بە گوتەی بەڕێوبەری گشتیی کەناڵەکە هیچ مەرجێکیان بۆ ئەو خانمە پێشکەشکارە دانەناوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ”پێمان باشە ئەو پۆشاکەی ئایینی ئیسلام بۆ خانمانی داناوە، ئەو پۆشاکە بپۆشێت“.

پێشتر شەیدا ئەڵاکەرەم ڕایگەیاندبوو، جگە لە بەڕێوبەری گشتیی کەناڵی (پەیام)، ڕێگە نادات ھیچ کەسێکی دیکە سانسۆرم لەسەر دابنێت، یان بڵێت ئەو پۆشاکە ناشەرعییە، چونکە ”خۆم پابەندم بە ئایینی بیرۆزی ئیسلامەوە، باڵام ناکرێت بێژەر بە شپرزەیی بچێتە سەر شاشە، چونکە بێژەری تەلەفزیۆن پێویستی بە دەرکەوتنێکی جوانی شەرعییە، بێگومان منیش ھەوڵی ئەوە دەدەم بە خۆڕازاندنەوەیەکی شەرعیی جوانەوە لە کەناڵی پەیام درێژە بە کاری ڕاگەیاندن بدەم".










(باسنیوز)
Top