كێشەی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش، چارە كرا
حەیات مەجید، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لەگەڵ پەرلەمانتار كەژاڵ ھادی، سەردانی كەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگەمان بە وەكالەت كرد لەبارەی بەدواداچوون و چارەكردنی پرسی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ئەوەمان بە وەزیری پێشمەرگە گەیاند، كە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان لەم رەوشەدا ناتوانن بەو مووچەوە بژین و ناكرێت پاشەكەوت لە مووچەكەیاندا بكرێت، چونكە زۆربەیان باری ژیانیان باش نییە و كرێچین".
لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، ١٨٠٠ پێشمەرگە و ئەندامانی ھێزەكانی ناوخۆ شەھید بوون و، بە ھەزارانیش بریندار بوونە.
حەیات مەجید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ھەر لای ئێمە وەزیری پێشمەرگە پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندارەوە كرد و وەڵامەكەیشی وەرگرتەوە كە بە ھیچ شێوەیەك پاشەكەوت مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش ناگرێتەوە و، دڵنیایی ئەوەی پێ داوین كە تەنھا نووسراوێك ئاڕاستەی دارایی دەكرێت و ئیدی كێشەی كەمكردنەوەی مووچەكانیان كۆتایی ھات".
kdp-
