كەركووك.. رێژەی تاوان لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە لە هەڵكشاندایە

 	 كەركووك.. رێژەی تاوان لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە لە هەڵكشاندایە
دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر و هاتنی هێزە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی بۆ ناو كەركووك و دەوروبەری، وەك هاووڵاتیانی ئەو شارە ئاماژەی بۆ دەكەن، رێژەی تاوان زیاتر بووە، هاوكات بە تۆمەتی ئاساییشبوونیش چەندین هاووڵاتی دەستگیر كراون و بە پارە ئازاد كراون.

سەعید، كە هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری كەركووكە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی، "ژیانمان نەماوە و لەناو ترسدا دەژین، هەر عەرەبێك، یا توركمانێك رقی لە كوردێك ببێتەوە، تۆمەتی ئاساییشبوونی دەخاتە پاڵ و، سوپا و حەشدی شەعبی دەستگیری دەكەن، دواتریش بە پارەیەكی زۆر بەری دەدەن".

هاوكات سەرچاوەیەكی ئەمنی لەو شارە، كە لەبەر باری ئەمنیی خۆی نەیویست ناوی ببرێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا، لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، رێژەی كوشتن و دزی و بەسەرماڵاندادان لە هەڵكشاندایە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەیش كرد، لە ماوەی ئەم مانگەدا ١٢ هاووڵاتی كوژراون، كە یەكێكیان كارمەندی ئاساییشی پارتی دیموكراتی كوردستان و كوڕی هونەرمەندی دیاری شارەكە حەسەن غەریب بووە، كە لە بەردەم ماڵی خۆیاندا شەوی ١٧ لەسەر ١٨ـی ئەم مانگە. شەهید كرا

سەرانەوەرگرتن لە خەڵكە دەوڵەمەندە كوردەكانی كەركووك، دیاردەیەكی دیكەی هێزە میلیشیاكانی حەشدە، وەك سەرچاوەكە باسی كرد، بە زۆر لێیان دەسێندرێت، هەڕەشەی كوشتنیشیان لێ دەكەن گەر بێت و باسی بكەن.

دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێلیش، بەشێكی دیكەیە لە تاوانەكان كە بووەتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتیانی كوردی شارەكە، وەك سەرچاوەكە باسی كرد، زیاتر ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدزرێن كە مۆدێل بەرزن و بەرچاون، كە لە لایەن میلیشاكانی شیعەوە دەدزرێن و دەبرێنە ناوەڕاست و باشووری عێراق و دەفرۆشرێنەوە، یەكێك لەو هاووڵاتییانەی كە ئۆتۆمبێلی براوە، دواتر لە رێی ناسراوییەوە لە یەكێك لە شارەكانی باشووری عێراق دۆزیویەتییەوە.
kdp-
Top