"تا نوێنەری راستەقینەی كەركووك شارەكە بەڕێوە نەبن، رەوشەكە خراپتر دەبێ"
ھۆشیار مالو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "رەوشی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان زۆر ئاڵۆزە و رێژەی تاوانی كوشتن و رفاندن و پێشێلكاریی مافی مرۆڤ روو لە ھەڵكشانە، بە تایبەتی ئێستا بەرەو ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەچین رەوشەكە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، پێشتر بە ھۆی ھەبوونی چەند دەزگەیەكی ئەمنی رەوشی كەركووك ئارام بوو، بەڵام ئێستا بە پۆلیس بەڕێوە ناچێت، پێشبینی دەكەین ھێشتا رەوشی كەركووك بەرەو خراپتریش بچێت، چونكە لە ھەر شوێنێك دەستەڵاتەكەی نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك نەبێت، ھەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت، لە كەركووك خەڵك لە ئیدارەی شارەكە ناڕازین و دڵگرانن بەو دەستەڵاتەی بەڕێوەیان دەبات".
دوای رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، لە پارێزگای كەركووك رەوشی ئەمنی بە تەواوی تێك چووە و رۆژانە چەندین تاوانی مەترسیدار روو دەدەن، لەوانەیش كوشتن و دزی و رفاندن و ھەڵكوتانەسەر خەڵكی سڤیل، كە بوونەتە دیاردە و بەو ھۆیەوە ھاووڵاتیانی كەركووك لە دەستەڵاتدارانی ئێستای كەركووك بێزارن.
سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كورد روونیشی كردەوە، "ئیدارەی پارێزگای كەركووك سەپێندراوە بەسەر ھاووڵاتیاندا و، پارێزگاری بە وەكالەت بە عینادی كارەكانی بەڕێوە دەبات و وەك ئیدارییەك كار ناكات، لە ھەر شوێنێك بەو شێوەیە كار بكرێت، چاوەڕوانی باشتربوونی رەوشی لێ ناكرێت، ھەتا زۆربوونی چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ھاووڵاتیان وەك پێشتر ھاوكاریی دەزگە ئەمنییەكان ناكەن، ئەمەیش بووەتە ھۆكاری ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان لە سنووری كەركووك چالاك بن".
مالو گوتیشی، "پێویستە دەستەڵاتێك لە كەركووك ھەڵبژێردرێت نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵكی كەركووك بكات، نەك تەنھا بۆ كورد، بەڵكوو بۆ پێكھاتەكانی دیكەیش، چەندین ھێز و چەك بنێردرێتە كەركووك رەوشەكە چارە ناكرێت، بگرە بە پێچەوانەوە دەبێت، بۆیە پێویستە خەڵك ئاشت بكرێتەوە و ئیدارەی خۆماڵی ھەبێت، نەك لە دەرەوەی كەركووك دەستەڵات بەسەر كەركووكدا بسەپێندرێت و خەڵكی رەسەنی پارێزگاكەیش پشتگوێ بخرێت".
جێی ئاماژەیە لە ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بەغدا بە ملیشیای حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق بە پاڵپشتی ئێران و بە خیانەتی گروپێک لەنێو حزبێکی کوردستانی کەرکووکیان داگیر کرد.
kdp-
