هاودیدێک: شاسوار عەبدولواحید کەناڵی NRT بۆ دژایەتیی بەرهەم ساڵح بەکار دێنێ
پاش ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کەناڵی NRT، سووتاندنی بارەگای سەرەکیی خۆی لە بەرواری 17/2/2011 خستە ئەستۆی بەرهەم ساڵح. هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری هەستیارییەکانی بەرامبەر بەو کەناڵە زیاتر بووە. لەمبارەیەوە دەلیل جەمال، کادیری ھاوپەیمانییەکە ڕاگەیاند: ئەو کاتەی کەناڵی NRT سووتێنرا، دکتۆر ساڵح، سەرۆکی حکووتی ھەرێمی کوردستان بووە، بەڵام ھەر ئەوکاتە خودی بەرھەم ساڵح، ئیدانەی سووتاندنی کەناڵەکەی کردووە، دواتر داوای قەرەبوو کردنەوەی کەناڵەکەی کردووە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە کەناڵی NRT ”متمانەی نەماوە“ و ”زیاتر لە بەرژەوەندیی خاوەنداریەتیی کەناڵەکە کارەکانی دەکات، بێگومان ئەوەش مافی خاوەنداریەتیی کەناڵەکەیە و دەتوانێ کەناڵەکەی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاری بھێنێت، بەڵام ناکرێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی و بڵێن ئێمە میدیای سەربەخۆین، چونکە ئێستا سەربەخۆیی لە فەلسەفەی کەناڵی NRT نابینرێت“.
دووپاتیشی کردەوە کە کەناڵەکە بە ئاشکرا ڕیکلام بۆ گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید دەکات و بەرنامەکانی ئەو جێبەجێ دەکات. گوتیشی: ”نازانین کەناڵی NRT بە چ پێوەرێک بەرھەم ساڵح تۆمەتبار دەکات بە سوتاندنی کەناڵەکەیان؟“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە کەناڵەکە لە ڕێگەی ئەو جۆرە ڕاپۆرتانەوە، ”دەیانەوێ دژایەتیی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح بکەن“.
باسنيوز
