ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکۆڵێتەوە

 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکۆڵێتەوە
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکۆڵێتەوە و راپۆرتێک پێشکەش دەکرێت.



بڕیارە کاتژمێر 10ـی شەوی سێشەممە 20/2/2018 (بە کاتی هەولێر)، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان ساز بکرێت.



بەپێی راگەیەندراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، چاوەڕێ دەکرێ یان کۆبیش، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راپۆرتێک پێشکەش بکات.



یان کۆبیش راپۆرتێک لەبارەی کێشەکانی عێراق بە تایبەت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێشکەش دەکات.



ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی و 10 ئەندامی ناهەمیشەیی پێک دێت و بەرپرسە لە ئاسایش و چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان.



ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی رەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنیان هەیە و ئەندامە ناهەمیشەییەکانیش بەشێوەی دەوری بۆ ماوەی دوو ساڵ، دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنەکە.



ئەندامە هەمیشەییەکان، کە خاوەتی مافی رەتکردنەوەی بڕیارەکان (ڤیتۆ)ن:



- ئەمریکا

- فەرەنسا

-رووسیا

- چین

- بەریتانیا



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.



باسنیوز
Top