بەرپرسێکی یەکێتی: لە دوو ڕۆژدا هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەدەین

 بەرپرسێکی یەکێتی: لە دوو ڕۆژدا هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەدەین
سەرەڕای کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بەستنی کۆنگرە و دیاریکردنی ڕۆژێک لەلایەن ئەنجومەنی ناوەند و سەرکردایەتیی ئەو حزبە، سەرکردەیەکی یەکێتیش دەڵێت، لە دوو ڕۆژی داھاتوو سەرکردایەتی حزبەکەی کۆدەبێتەوە بڕیار لەو بارەیەوە دەدات.



زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی، ڕاگەیاند: لە ھەوڵداین لەگەڵ سەرکردایەتی و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی بۆ ئەوەی بڕیار لەکاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی داھاتووی یەکێتیی بدەن لەکۆبوونەوەی داھاتووی سەرکردایەتی یەکێتیی".



ڕوونی کردەوە، پێشتر لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەند و سەرکردایەتی یەکێتیی، بڕیاریان دابوو لەماوەی 5 تاکوو 10 ڕۆژدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبێتەوە و بڕیار لەسەر کۆنگرە بدات، ”خۆ ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، جارێکی دیکە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەند بڕیار و کاتی دیکە بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەکەن“.



جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی، ئاماژەی بۆئەوەشدا، بڕیار وایە لە ماوەی دوو ڕۆژی داھاتوو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەنجامبدرێت و تەوەری سەرەکی وەڵامدانەوە و دانگدان دەبێت لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی کۆنگرە و لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دیاری بکرێت.



ئەوەشی خستەڕوو، ھەر دەبێت کۆنگرە ببەستن، چونکە کادیرانی یەکێتیی داوای بەستنی دەکەن و ھەروەھا کونگرە ھەر کێشەیەکی ناوخۆیی ھەبێت چارەسەری دەکات.




باسنیوز
Top