ئەلوەتەن: عێراق سیستمی بەرگریی مووشەكی لە ڕووسیا دەكڕێت

 	 ئەلوەتەن: عێراق سیستمی بەرگریی مووشەكی لە ڕووسیا دەكڕێت
سەرچاوەیەكی هەواڵی سعوودیا ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق بەنیازە سیستمی بەرگریی مووشەكی لە ڕووسیا بكڕێت.

ئاژانسی فارسی ئێرانی هەواڵێكی ڕۆژنامەی (ئەلوەتەن)ـی سعوودیای بڵاو كردەوە كە تێیدا سەرچاوەیەك لە زاری پەرلەمانتارێكی عێراقەوە ئاشكرای كردووە، بەغدا لە هەوڵدایە بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی مووشەكی لە جۆری (ئێس ٤٠٠) لە ڕووسیا.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ڕایگەیاندووە كە هێزەكانی حەشدی شەعبیی عێراق لە زۆربەی بنكە سەربازییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناو خاكی سووریادا بوونیان هەیە بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی سوپای سووریا، عەبادی و حكوومەتی بەغدایش ئاگاداری ئەو جموجۆڵە سەربازییەن، هەر بۆیە بەنیازن سیستمی پێشكەوتووی بەرگریی مووشەكی لە ڕووسیا بكڕن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر بنكە سەرەكییەكانی ئەو هێزانە لە عێراق.
سەرچاوەكە ئەوەیشی نەشاردەوە كە، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆكوەزیرانی عێراق تیمێكی لە وەزارەتی بەرگری و ڕاوێژكارانی ئاساییشی نیشتمانی ڕاسپاردووە بۆ دانوستان لەگەڵ ڕووسیا لەسەر كڕینی سیستمی پێشكەوتووی بەرگریی مووشەكی لە جۆری (ئێس ٤٠٠) و، ئەو دۆسیەیە لە ژووری ئەمنیی هاوبەشی عێراق، سووریا، ئێران و ڕووسیایش تاوتوو كراوە.

بە گوتەی سەرچاوەكە، ئەمەریكا داوای ڕوونكردنەوەی زیاتری لە بەغدا كردووە لەسەر ئەو بڕیارە و، پێیان وایە لە ئێستادا عێراق پێویستی بەو مووشەكانە نییە و هیچ هەڕەشەیەكی ئاسمانی لەسەر ئەم وڵاتە نییە. لەگەڵ ئەوەیشدا دیپلۆماتە ئەمەریكاییەكان لە عێراق ئاگاداری نیگەرانیی بەغدان لە ئەگەری هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنكە و بارەگای هەندێ لە گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی.
kdp-
Top