كرمانج عەبدوڵڵا: دەسەڵاتی سەربازی، لە گۆڕینی ئیدارەی مەخموور شكستی خوارد

 	 كرمانج عەبدوڵڵا: دەسەڵاتی سەربازی، لە گۆڕینی ئیدارەی مەخموور شكستی خوارد
عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە ئەگەر ئیدارەی پێش رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر بە یەكجارەكی نەگەڕێتەوە مەخموور، ئەوان ناچار دەبن ئیدارەیەكی نوێ دابنێن. بەرپرسی لقی 23ـی پارتییش دەڵێ، زۆر هەوڵیان دا كە ئیدارەیەكی سەربازی لە ناوچەكە دابنێن، بەڵام نەیانتوانی و شكستیان خوارد.

ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی، بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، كەركووك، مەخموور و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرتن و، سەدان هاووڵاتیی كوردیشیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، مەخموور داگیر كراوە و هێزی سەربازی حوكم دەكات، تا دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە، ئیدارەی شارەكە ناگەڕێتەوە، پێویستە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و ئەو جموجۆڵە سەربازییانە لە ناوچەكە نەمێنن، بۆ ئەوەی ئیدارەی ناوچەكە بگەڕێتەوە و كاری خۆی بكات".

عەبدوڵڵا هەروەها روونیشی كردەوە، حكوومەتی عێراق زۆر هەوڵی دا كە ئیدارەیەكی سەربازی لە ناوچەكە دابنێت، بەڵام نەیانتوانی و ناتوانن ئەو كارە بكەن، چونكە تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەندایە ئیدارەی ناوچەكە بگۆڕێت، قایمقامی مەخموور رۆژانە لە دیبەگە دەوام دەكات و كاروباری هاووڵاتیان ڕادەپەڕێنێت، بۆیە عێراق لە گۆڕینی ئیدارەی مەخموور، شكستی خوارد".
kdp-
Top