سەرکردەیەکی یەکێتی هۆشداری بە ئاڵا تاڵەبانی دەدا
پاش ئەوەی دەنگۆی خۆکاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لە سنووری پارێزگای بەغدا و لەسەر لیستەکەی عەبادی بڵاو کرایەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 19/2/2018، محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تائێستا بەفەرمی ئاگادار نەکراونەتەوە لە کاندیدبوونی ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لیستەکەی عەبادی.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەپێی پەیڕەوی ناخۆی یەکێتی، ”ڕێگە پێدراونییە کادیرێکی یەکێتی لەدەرەوەی حزب و لەسەر لیستێکی دیکە خۆی کاندید بکات“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”پێشتر ئاڵا تاڵەبانی لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاندبوو کە ئاساییە خۆی کاندید بکات، بەڵام بەفەڕمی بڕیاری کۆتایی ڕانەگەیاندووە، بۆیە ئەگەر خۆی کاندید کردبێ، پێویستە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ھەڵوێستیان ھەبێت“.
هەر لەمبارەیەوە زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی ڕایگەیاند، ھەر کادیرێکی یەکێتی خۆی لەدەرەوەی حزب کاندید بکات، ”بەپێی پەیڕەوی ناخۆ، ئەندامێتیی خۆی لەدەست دەدات“.
زوبێر عوسمان لەبارەی خۆکاندیدکردنی ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لیستەکەی عەبادی،گوتی: ”تائێستا شتێکی فەرمی نییە و دەنگۆن“.
(باسنیوز)
