خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و ڕێگەگرتن لە یەکلیستی زیانێکی گەورە لە کورد دەدەن

 خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و ڕێگەگرتن لە یەکلیستی زیانێکی گەورە لە کورد دەدەن
لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و ڕێگەگرتن لە یەکلیستیی کورد بۆ ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، زیانێکی گەورە بە کورد دەگەیەنن و پەرلەمانتارێکیش ئاشکرای دەکات کە کورد لە کەرکووک ژمارەیەک کورسی لەدەست دەدات.

شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، پارتی پێی باش بوو کورد لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری بکات بۆ ئەوەی سەنگی لە بەغدا بەھێزتر بێت، خۆ ئەگەر بیویستایە بەتەنیا بەشدار بێت، زۆرترین کورسیی دەھێنایەوە لە تۆڵەی ١٦ی ئۆکتۆبەردا.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونیشی کردەوە: "ھیواخواز بووین بە ھەموو لایەنەکان بە بەھێزییەوە ڕێگر بن لە داگیرکردنی ھەموو کەرکوک و شەری خۆمان لە پەرلەمان بکەین، بەڵام شکستپێھێنانی یەک لیستی زیانێکی گەورە لە دەنگەکانی کورد دەدات و ٣ بۆ ٤ کورسی کەم دەکات و دەنگەکانی بۆ تورکمان عەرەبەکان دەڕوات و ئەوانیش شەڕی کەرکووکییان پێ ناکرێت".

شاخەوان عەبدوڵا جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا یەکلیستی، ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە ناھەموارەی کەرکووک و ”ئەو دۆزەخە سەربازییە“دەبووەوە کە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەبووەوە و گۆڕان و یەکگرتووش دەبوونە خاوەن کورسی، بەڵام ئێستا بەم شێوەیە، ”ڕێژەیان بەو شێوەیە نابێت ببنە خاوەن کورسی" و کورد ژمارەیەک کورسی لە پارێزگای کەرکووک لەدەست دەدات.

بڕیارە ڕۆژی 12/5/2018، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کە لە ئەنجامدا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە داگیر کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا بەشداری لە هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووکدا نەکات، هەرچەندە هەوڵێکیش لەلایەن حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە بۆ درووستکردنی یەکلیستی بۆ کەرکووک هەبوو، بەڵام گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەک و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەلایەکی دیکە ڕێگرییان لەم یەکلیستییە کرد و هەوڵەکە شکستی هێنا.











(باسنیوز)
Top