خۆپیشاندانێک لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر دەستی پێکرد
کاتژمێر 10ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19/2/2018، سەدان توشبووی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لە هەرێمی کوردستان، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر دەستیان بە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی کرد.
لەمبارەیەوە یەکێک لە خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند ، لە دوای ڕیفراندۆمەوە، لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی داخستووە کە بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتیی نەخۆش، ناتوانن گەشتەکانیان بۆ چارەسەرکردن ئەنجام بدەن. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەرمانی پێویست ڕەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەو هۆیەشەوە حکوومەت دەرمانیان پێنادات و کڕینی ئەو جۆرە دەرمانانەش لە بازاڕدا زۆر گران لەسەریان دەوەستێت.
بەشێک لە خۆپیشاندەران، ئەو دایکانە بوون کە منداڵەکانیان توشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، فشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق، تاوەکوو بەشە دەرمانی پێویست ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات و فڕۆکەخانەکان بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانیان ڕزگار بکەن و چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکەن.
باسنیوز
