بەهجەت عەبدۆ، ڕه‌خنه له زلهێزان ده‌گرێ
لە ٢٠-١-٢٠١٨ـەوە هێزەکانی تورکیا، به پشتیوانیی میلیشیاكانی نێو سوپای سووریای ئازاد، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سه‌ر عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان، بە ناوی ''چڵهزەیتون'' پێکهێنا و، رۆژانە له‌سەر سنووره‌وه عەفرین بۆردوومان دەکەن و، ئەمرۆیش ناوەندی شاری عەفرین بۆردوومان کراوه.
بەهجەت عەبدۆ كه وەزیری بەرگریی كانتۆنی عەفرینه، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گەلی عەفرین بە هەموو شێوەیەک و گەلی رۆژئاوا هەمووی ئاماده‌یه و بەرگری لە شاری عەفرین دەکه‌ن، با تورکیایش باش بزانێت، ئێمە بە هیچ شێوەیەک عەفرین به‌ده‌سته‌وه ناده‌ین، چونکە عەفرین هیی کوردە و هه‌ر بۆ کوردیش دەبێت.''
عەبدۆ ئاشكرای ده‌كات كه، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا شوێنە خزمەتگوزارییەکان و بیرەکانی ئاو و بارەگای مانگی سووری کوردی لە شارین عەفرین كردوونه‌ته ئامانج. هه‌ڵبه‌ته توركیا دەیهوێت خەڵک شارەکە جێ بهێڵن، بەڵام خەڵکی خۆڕاگرن و بریاریان داوە لە برسانیش بمرن، شارەکە چۆڵ نه‌كه‌ن.''
وەزیری بەرگریی كانتۆنی عەفرین جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی، كه به هۆی به‌رگری و خۆڕاگرییانه‌وه، هێشتا نەیانهێشتووە توركیا ته‌نیا بستێكیش لە خاکی عەفرین داگیر بكات.
گوتیشی ''به دڵنیاییه‌وه خەڵکی عەفرین و ئەوانه‌ی خۆینی خۆیان بۆ رۆژئاوا رشتووه، ناهێڵن بکەوێتە دەست سوپاسی تورکیاوه.''
ده‌شڵێ ''چەندین چه‌كدارمان له هێرشكاران به‌دیل گرتوون. هاوكات به هۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوه ١٨٣ هاووڵاتی سڤیل شه‌هید بوون و ٤٥٠یش بریندار بوون.''
بەهجەت عەبدۆ زانیارییشی له‌باره‌ی زیانه‌كانی هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیا سووریاییه‌كانی هاوپه‌یمانی دا و گوتی: ''٨٦٥ چه‌كداری میلیشیاكانی سوپای ئازادمان كوشتوون. ٢٠ تانکمان تێكشكاندوون، هه‌روه‌ها ده‌ستمان به‌سه‌ر ٢ تانكیشدا گرتووه، ٢ باڵهفڕمان تێكشكاندوون كه یه‌كێكیان له جۆری سكۆرس و ئه‌وی دیكه‌ش له جۆری كوبڕایه، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌یه‌كی سیخووڕییشمان خستووه‌ته خواره‌وه.''
چۆنی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین، هەنگاوێکێ گرینگە
لە ١٠ی ئەم مانگەدا شاندی پەرلەمانی کوردستان سەردانی شاری عەفرینیان کرد، شاندەکەی پەرلەمانی كوردستان پێكهاتبوو لە عەلی هالۆ، عەباس فەتاح، شێركۆ حەمەئەمین، ئەبوكاروان و سوهراب میكایل. ئه‌و شانده بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی كوردستان هه‌م وه‌ك پشتیوانی چووبوونه ڕۆژئاوای كوردستان و هه‌میش له نزیكه‌وه له‌باره‌ی دۆخی ڕۆژئاوا و به تایبه‌ت شاری عه‌فرینه‌وه زانیاری كۆ بكه‌نه‌وه.
بەهجەت عەبدۆ له‌مباره‌یه‌وه گوتی، ''هاتنی شاندی پەرلەمانی کوردستان بە سەرجەم فراکسیۆنەکانیهوه، هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی بوو، دەبێت شتێکی دیکەش بڵێم، سەرەڕای جیاوازیی هزرە سیاسییەکان، هەموو کورد یەکن و هەموومان یەک ئازار و دوژمنان هەیە. دەبێت کورد بزانێت ئەوەی لە باشووری كوردستان کورد قبووڵ نه‌کات، لە هەموو پارچەکانی دیكه‌ی كوردستانیش وایە.''
بێدەنگیی جیهان بەرامبەر عەفرین، جێگای گومانە
وەزیری بەرگریی كانتۆنی عەفرین ڕەخنەی تووند لە وڵاتانی كاریگه‌ر و بڕیاربه‌ده‌ستی جیهان دەگرێت و دەڵێت، ''ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی زلهێز، بەرانبەر کێشەی عەفرین چاویان داخستووه. ئەمە دوالیزمی دنیاییە بەرانبەر کورد. جێگای داخە دنیا بێدەنگ بێت بەرانبەر عەفرین، خۆ دەبێت دنیا بزانێت كه ئێمە هیچ شتێکی زیاتر له مافی خۆمان لە وڵاتان داوا نەکردووە، ئێمە داوای فیدرالیزم بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکەین، ئه‌وه وڵاتانی دەوروبەرمانن كه ئێمە قبووڵ ناکەن.''
عەبدۆ نایشارێته‌وه، كه راوشکانە بە رووسیایان گوتووه، هه‌ر لە زووه‌وه پشتیان لە ئه‌وان کردووه و، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌شیان لێ گرتووه، كه ناکرێت بەرانبەر پرسێکی مرۆیی و بۆ بەرژوەندیی پچووکیان پشت لە گه‌لی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان بكه‌ن.
گوتیشی: ''تەنیا یەکێتیی ئەورووپا پشتگیریی خۆیان بۆ کێشەی عەفرین نیشان داوه و تەنیا خەڵکی کوردیشە دەنگی خۆڕاگریی عەفرینی گەیاندە جیهان.''
شاری عەفرین دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سووریا لەسەر لێوارەکانی رووباری عەفرینە و، لە رۆژئاوای شاری ئیعزازە. لە رووی ئیدارییەوە سەر بە شاری حەلەبە و ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای پارێزگای ئیدلبه‌وه و، لە باكوور و رۆژئاوایشەوە له‌گه‌ڵ توركی هاوسنوورە.
بەپێی ئامارە فەرمییه‌كانی سووریا، لە 2012 ژمارەی دانیشتوانی عەفرین زیاتر لە نیو ملیۆن كەس بووه، بەڵام سەرچاوە كوردییەكان باسی زیاتر لە ملیۆنێك دەكەن.
kdp-
