عێراق و کوردستان، لە نێو بەرداشی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندان

 	 عێراق و کوردستان، لە نێو بەرداشی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندان
ململانێیە ئابوورییەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکا، وایکردووە کە ئەم دوو بەرەیە ھەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بدەن. واشنتون و لەندەن زیاتر عێڕاقچیێتی دەکەن و بەرلین و پاریسیش پشتگیری لە کوردستان دەکەن.

دوێنێ ١٢ی٢ی٢٠١٨، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئیڤ لۆدریان، دوای وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، دووەم وەزیری وڵاتێکی ئەورووپایی بوو کە پاش ئاڵۆزییەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بە فەرمی سەردانی کوردستان بکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانیی جێگریدا کۆ بووەوە.
فەرەنسا لەنێو دەوڵەتانی ئەورووپاییدا لە ڕووی پاشخانی ھزری و ڕۆشنبیری و سیاسییەوە، پێگەیەکی تایبەتی ھەیە. بەم واتایە کە شۆڕشی فەرەنسا و پرسی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم دەوڵەتەیە کە گەلی فەرەنسا شانازی پێوە دەکەن. بۆیە تەنانەت ئەگەر خودی دەوڵەتەکەش بە لاڕێدا ڕۆیشبێت، ئەوا بژارە ھزری و سیاسییەکانی ھەوڵیان داوە پارێزگاری لە بەھا باڵاکانی نەتەوەکەیان بکەن. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت پاڵپشتیی ئەو دەوڵەتە بۆ پرسی خۆی رابکێشێت و دەستەبەری بکات.

مامۆستای زانستە سیاسییەکان پەروێز ڕەحیم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "فەرەنسا و ئەڵمانیا وەکو بەھێزترین دەوڵەتانی یەکێتیی ئەورووپا "بە تایبەتی پاش دەرچوونی بەریتانیا لەم یەکێتییە"، نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە پرس و کێشە جیھانییەکان دەکەن. بێجگە لەوەش بەرژەوەندیی ئەڵمانیا و فەرەنسا وا دەخوازێت کە پێگەیەکی بەھێزیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت.
فەرەنسا زیاتر لە ھەر دەوڵەتێکی ئەورووپایی ئاشنای پرسی کوردە و ئەمەش ھەر لە سەرەتای درووستبوونی ھەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، زیاتر بەرجەستە بووە. پەروێز ڕەحیم دەڵێ، "ھەرچەندە ئەم مێژووە بۆ رابردوویەکی کۆنتر دەگەڕێتەوە. بەڵام نابێت/ناکرێت رۆڵی کەسایەتییەکانی کورد لەم پەیوەندییە مێژووییەدا فەرامۆش بکەین."
بە گەڕانەوە بۆ سەدەی رابردوو، پێوەست بە دۆزی کورد و پێوەندی لەگەڵ فەرەنسادا، دەردەکەوێ کە "دکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملۆ" یەکێک لەو کەسایەتیانە بووە کە توانی سەرەنجی روژنامەنووس، ئەکادیمی و نوخبەی ھزری و سیاسی ئەم دەوڵەتە بۆ لای پرسی کورد ڕابکێشێت و پەیوەندییەک و جۆرێک لە لۆبیگەری بۆ پرسی کورد دروست بکات، کە چەندین ساڵ پاشتر لە کۆتاییی ژیانی نابراودا بەرھەمی ئەو پەیوەندیانە دەرکەوتن.
وەک ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێ، "تەنانەت کەمێک دوورتریش یەکەم ئاشنابوونی نوخبەکانی کورد لەگەڵ پرسەکانی مۆدێرنیتە لە ڕێگەی زمان و کەلتوور و ئەدەبیات و ھزری فەرەنساییدا بووە.
ھەروەھا نابێت رۆڵی سەرکردەکانی فەرەنسا لەلایەک و کورد وەکو سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەلایەکی ترەوە، لە بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لەبەرچاو نەگرین. چونکە رۆژئاوا بە گشتی و فەرەنسا بەتایبەت، ناتوانێت رۆڵ و کاریگەریی سەرکردە خاوەن نفووز و پێگەکان لەو ناوچە پڕ لە ئاڵۆزی و کێشەیەدا فەرامۆش بکات. ئەمەش خاڵێکی بەھێزە بۆ کورد و ھەرێمی کوردستان."

"کێبڕکێی نێوان وڵاتانی زلھێز لە بەرژەوەندیی کوردستانە"
ئەو کە شارەزاییەکەی لە زانستە سیاسییەکانە، هەروەها گوتی: "فەرەنسا لە ڕووی سیاسی و سەربازی و بەوپێیەی کە ئەندامی ھەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و، ئەڵمانیایش لە ڕووی ئابوورییەوە، پێکەوە ھەوڵ دەدەن کە لە رێگەی پاڵپشتی لە کوردەوە چەندین ئامانج بپێکن، بۆ نموونە:
سەرەڕای ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ئەورووپایی و ئەمریکادا، سیاسەتێکی سەربەخۆی ئەورووپایی بەدەر لە سیاسەتی ئەمریکا و بریتانیا لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکەن، کە ھەڵگری بەھا و بەرژەوەندییەکانی ئەورووپاییەکان بێت.
کێبڕکێ و ململانێیە ئابوورییەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ بریتانیا و ئەمریکا بە تایبەت لە سەردەمی "دۆناڵد ترامپ" وایکردووە کە ئەم دوو دەوڵەتە ھەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بدەن. ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەم پێگە جیۆئێکۆنۆمییە بێت لە داھاتوودا. بەوپێیەی کە بریتانیا و ئەمریکا زیاتر پاڵپشتی لە حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکەن. ھەروەھا لە پرسەکانی دیکەی نێوانیاندا ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە فاکتەریک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و بە تایبەتی ئابووری و ئاسایشییەکانیان. بۆیە فاکتەری ئابووری و ململانێیە جیۆسیاسییەکان، گرینگییەی زۆری ھەیە لەسەر روانگای فەرانسا لەھەمبەر ھەرێمی کوردستاندا.
فەرەنسا و ئەڵمانیا پێویستیان بە دابینکردنی سەرچاوەی بەدیل یاخود جێگرەوەی وزەی رووسیا بەتایبەتی گازی سروشتی ھەیە، بۆیە ھەوڵ دەدەن کە ئەمە دەستەبەر بکەن یاخود رێگە نەدەن کە رووسیا ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. ئەم پرسە ھەم لە ڕووی ئاسایشی وزەوە گرینگە و، ھەم لە رووی جیۆسیاسییەوە.
پرسی تیرۆر یەکێکە لەو پرسانە کە بۆ دەوڵەتانی ئەورووپایی زۆر گرینگە، بەتایبەتی بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسا. ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە دەتوانن لەو ناوچەیە کە بە بەستێنی سەرھەڵدان و گەشەکردنی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دادەندرێت، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەریان ھەبێت. بەم واتایە کە سەرچاوەکانی ھەڕەشە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لە رێگەی کوردەوە لە ڕووی مەیدانییەوە جێبەجی دەکرێت. ئەمەش لە ڕووی ئاسایشییەوە بۆ ئەورووپا و بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا زۆر گرینگە."

"تورکیا ڕۆڵی جارانی بۆ ئەورووپا نەماوە"
خاڵێکی دیکە کە پەروێز ڕەحیم دەیهێنێتە بەر باسەوە، پێوەست بەو ئامانجانەی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێ بیپێکن، پێوەندیی تورکیا و ئەورووپایە و لەوبارەوە دەڵێ "تورکیا ئەو ڕۆڵەی جارانی بۆ ئەورووپا نەماوە، یاخود لانیکەم لاواز بووە. چ لە ڕووی متمانەوە و چ لە ڕووی سیاسەت و ئەجێنداکانی پارتی داد و گەشەپێدانەوە. بۆیە ئەم دەوڵەتانە بیر لە جێگرەوەیەکی جێگەی متمانە دەکەن. پرسی پەنابەران یەکێک لەو کێشە و پرسانەیە کە تورکیا و وەکوو کارتی گوشار و ھەڕەشە لەھەمبەر ئەورووپاییەکان سوودی لێ وەردەگرێت و لەلایەکی تریشەوە ئەو دەوڵەتە زیاتر لە رووسیا نزیک بووەتەوە و لە سیاسەتی ناتۆ دوور کەوتووەتەوە."

لە پاش ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە دەوڵەتە گرینگەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی(ناتۆ) لە ڕووی ئابووری و سەربازی و سیاسییەوە دادەندرێن. بۆیە وەک ئەو مامۆستایەی گوتی، دوورکەوتنەوەی تورکیا لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی ئەم رێکخراوە لە پاش جەنگی سارددا، وایکردووە کە فەرەنسا و ئەڵمانیا بیر لە ئەکتەری دیکە بۆ جێبەجیکردنی ستراتیژییەکانی ئەم رێکخراوە(ناتۆ) بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەندامانی رێکخراوەکە بکەنەوە، بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ھەڕەشە و مەترسییەکان. بەتایبەت لە بواری ھەڕەشەکانی رووسیا و ئاسایشی وزە و پرسی تیرۆر و گرووپە رادیکاڵەکان و ھەروەھا دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
خاڵێکی دیکە کە پەروێز ڕەحیم بە جیددی لێی دەڕوانێ، ئەو باوەڕەیە کە پێگەی کورد بە گشتی و ھەرێمی کوردستانی بەتایبەتی لەو ناوچەیەدا پێ دەناسرێتەوە، ئەویش ئایدیۆلۆژیایەکە دوور لە بیری توندڕۆی مەزھەبی و ئایینی، کە ئەمە بۆ دەوڵەتانی ئەورووپایی و رۆژئاوایی زۆر گرینگە، "ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەتوانێت فاکتەرێکی گرینگیپێدان بێت بۆ ھەرێمی کوردستان. ئەڵمانیا و فەرەنسایش بەپێی ئەو راستییە ھەوڵ دەدەن ئەو ستاتۆ و بارودۆخە بپارێزن. ئەمەش لە ڕووی ئاسایشییەوە (لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە) زۆر گرینگە."


لە پاش جەنگی سارد و بەتایبەتی پاش سەرھەڵدانی داعش، رۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتەییەکان لە ھاوکێشە جیۆسیاسی و ئاسایشییەکان زۆر بەرز بووەتەوە. کورد ئەو ئەکتەرە کاریگەر و مەیدانییەیە کە بەھۆی فاکتەری پێشمەرگە و سیستەمێکی سیکۆلاری حوکمڕانی و ھەروەھا سەرچاوە سروشتییەکانی وەکوو نەوت و گاز، دەتوانێت لە ھاوکێشەکاندا سوودی بۆ ئەکتەرە دەوڵەتییە ھەرێمی و سەروو ھەرێمییەکان ھەبێت. بە بڕوای ڕەحیم، ھەرچەندە ئەوە بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانەی تێدایە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی کوردیش لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگە کە بتوانێت خۆی بەھێز بکات و ئابڵۆقە و گەمارۆ جۆراوجۆرەکان بشکێنێت و، پاڵپشتی لەنێو دەوڵەتانی بەھێز و دیموکراسیدا ھەبێت بۆ ئەوەی کە مەترسی و ھەڕەشەکانی دەوڵەتانی نادیموکراسیی ناوچەکە، کە دژی ھەر جۆرە بکەرایەتی و رۆڵ و بەھێزبوونی کوردن، دەستەبەر بکات.
ئەو گوتیشی "ڕاستییەک لە سیاسەتی ئێستای جیھانیدا ھەیە کە پێویستە سوودی لی وەربگرین، ئەوەیە کە دەوڵەتانی زلھێز نایانەوێت بەشداریی راستەوخۆی سەربازییان ھەبێت لە زەلکاوی پێکدادان و جەنگ و توندوتیژییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ناتوانن وازی لێ بێنن لە رووی ئاسایشی و جیۆسیاسی و ئابووری و وزەوە، بۆیە کورد لە ڕووی ھەرێمە جیۆگرافیایییەکەوە و لە رووی ھێزی مرۆیی و سەربازییەوە، ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە. بۆیە باشترین دەرفەتە کە بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و تەنانەت ئەمریکا پێکەوە لەگەڵ کورد گرێ بدرێت."
kdp-
Top