لە كەركووك زەوی بەسەر چەكدارانی حەشدی شەعبیدا دابەش دەكرێت
عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، ڕایگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئێستا لە كەركووك سەرقاڵی جێبەجێكردنی پیلانێكن بە مەبەستی تەعریبكردنەوەی كەركووك كە ئەویش بریتییە لەوەی بەنیازن هەموو هۆزی (جرف سەخەر) كە بە مەزهەب سوننەن، لە شاری "حللە"ی باشووری عێراقەوە بهێنن بۆ كەركووك و نیشتەجێیان بكەن و پیلانەكەشیان بە شێوەیەكە و دەیانەوێت ئەو هۆزە عەرەبە سوننە مەزهەبەی حللە لە ناوچەكەیان دەربكەن و شیعە مەزهەبە لە شوێنەكانیان دابنن و لە كەركووكیش بیانكەن بە دوژمنی كورد".
عەدنان كەركووكی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "هاوكات حەشدی شەعبی ئێستا بەشێك لە دانیشتوانی گوندە عەرەبنشینەكانی باشوری كەركووك، بەمەبەست دەیانهێننە ناو شاری كەركووك و نیشتەجێیان دەكەن و ئیمتیازاتیان پێ دەدەن".
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك- گەرمیان، ئاشكراشی كرد: "ئێستا لە كەركووك، زەوی سەر چەكدارانی حەشدی شەعبیدا دابەشی دەكرێت، ئەوەش بەمەبەستی تەعریبكردن و هاوكات بە شیعەكردنە".
پێشتر (باسنیوز) بڵاوی كردەوە كە راكان سەعید، پارێزگارەكەی حەشدی شەعبی لە كەركووك، بە پاڵپشتیی ئەو چەكدارانە دەستی بە پرۆسەی تەعریبكردنەوەی سنووری پارێزگای كەركووك كردووە.
چاودێران پێیان وایە ئێستا پارێزگای كەركووك ڕووبەڕووی پرۆسەیەكی مەترسیداری تەعریب بووەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ خیانەتی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەری ناو یەكێتیی دەگەڕێننەوە، كاتێك كە بە ڕێككەوتن كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەیان ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتیی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
