باڵی دەستڕۆیشتوو لە هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی سەرکردە باڵاکانی یەکێتی بەردەوامن
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "یەکێتی کۆنگرەی چوارەم دەبەستێت، بەڵام تا ھەنووکە کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە ھەوڵێکی جدی ھەیە بۆ بەستنی کۆنگرە".
گوتەبێژەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو، کە کۆنگرە بڕیاری خۆی لەسەر ھەموو ئەو کەسانە دەدات کە خۆیان ھەڵدەبژێرن، چونکە ئەوە ئیشی کۆنگرەیە لە دوای کۆنگرەش ئەو پرسە لە کۆبوونەوە سەرکردایەتی یەکلایی دەکرێتەوە، کە ئاخۆ کێ پۆست وەردەگرێت، دەشڵێت: "بەڵام ئەوانە نابێتە کێشە و گرنگ ئەوەیە ئێمە بڕیارەکانی کۆنگرە بەھەند وەربگرین، ناکرێ کەسێک ڕاست بێتەوە و بڵێ، فڵانە کەسمان بەدڵ نییە و فڵانە کەسمان بەدڵە چونکە ئەوەی ھەرکەسێکی بەدڵ بێ یان بەدڵی نەبێت، ھیچ گرنگیەکی نییە ڕەنگە زۆر کەس پێی ناخۆش بێت کەسێک لە پۆستێکی باڵا بێت".
ئەوەشی روون کردەوە، کە ئەوانەی کە پۆستێک وەردەگرن، پێویستە بتوانن لە کورسیەکەی خۆیاندا ئیش و کارەکانی یەکێتی بەباشی بەڕێوەبەرن، چونکە ناکرێت کەسێک پۆستێک وەربگرێت بەڵام نەتوانێت کورسیەکەی بەباشی بەڕێوەبەرێت.
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی، ، گوتیشی: ھیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدانین کە پێش بەستنی کۆنگرە ھەڵمەتی جۆراوجۆر لەدژی ھیچ کەسێکی ناو یەکێتی بکرێت، چونکە باشتروایە ئەوەی کەسێکی بەدڵ نییە، کۆنگرەدا دەنگی پێ نەدەن، بۆ نموونە ئەگەر لە من ناڕازین باشترە لە کۆنگرەدا دەنگم پێ نەدەن، بەڵام ناکرێت پێش بەستنی کۆنگرە لە دژی من ھەڵمەتێک دروست بکەن، دڵنیاشین ئەگەر کۆنگرەمان بەست کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەبێت".
باسنیوز
