ئاماری قوربانییانی 25مین رۆژی هێرشی سوپای تورکیا لە عەفرین
بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەرەکە، لە رۆژی سێشەممە 13/2/2018 (رۆژی 25مینی هێرشەکە)، شەڕێکی سەخت لە نێوان سوپای تورکیا و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچەکانی حەمام، دێر بەلوت، دیوا، محەمەدییە، نەسرییە، مەلا خەلیلا، حاجی ئەسکەندەر، هیگچە، ئاشکای رۆژئاوا و شارەدێی جوندرێسە لە دەوروبەری عەفرین، دروست بووە.
هەروەک سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی گوندەوارەکانی عەفرین.
سەنتەرەکە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، لە رۆژی سێشەممەدا، بەهۆی تۆپباران و هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، چوار هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و 10ـی دیکەش بریندار بوون.
لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
