بەرپرسی مەکۆی کەرکووکی گۆڕان: بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کورد ھەست بە شکست دەکات
محەمەد نەسرەدین، سکرتێری مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک لە ڕاگەیاند: بەھۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی ئەمنیی شاری کەرکووک تێکچووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ھاونیشتمانیی شارەکە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدایە لە ژیانی خۆیان دڵیا نین، چونکە ئەو دەزگا ئەمنییانەی کە لە عێراقەوە ھاتوون بۆ شاری کەرکووک، بە ھاووڵاتییانی شارەکە نامۆن، ڕەنگە لە ڕووی ئەمنییەوە نەتوانن بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک کۆنتڕۆڵ بکەن".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان گوتیشی: "ھەرچەندە ئێمە تێبینیی زۆرمان لەسەر دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی ھەبووە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکووک ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبووە لە دابینکردنی ئاسایشی ھاووڵاتییانی شارەکە، بەڵام ئێستا بەھۆی غیابی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە ھاووڵاتییانی ناوچەکە درک بە بۆشاییەکی ئەمنی دەکەن، چونکە خەڵکی کەرکووک دڵنیان لەوەی کە ھێزە عێراقییەکان ناتوانن جێگەی ھێزە ئەمنییەکانی پێشوو پڕ بکەنەوە، بۆیە سوپای عێراق ناتوانێ شوێنی دامودەزگای ئەمنیی کوردی پڕ بکاتەوە و تا ئێستاش دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی عێراق نەیانتوانیوە متمانەی ھاووڵاتییانی کوردی کەرکووک بەدەست بھێنن".
سکرتێری مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا، پێشتر دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی توانیویانە بارودۆخی ئەمنیی شاری کەرکووک کۆنتڕۆڵ بکەن، ھەروەھا ژیانی ھاووڵاتییانی ناوچەکە بە ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانییەوە بپارێزن. ئەوەشی نەشاردەوە کە ”ئەگەر بەشێک لە پێکھاتە جیاوازەکانی کەرکووک بەشدار بوونایە لەنێو دامودەزگا ئەمنییەکانی پێشووی کەرکووک، ئەوکاتە ھێزە ئەمنییەکان شەرعیەتی زیاتریان دەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی سەھەڵدانی ئەم بارودۆخە نەخوازاراوەدا، ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان داوای گەڕانەوەی ھێزە ئەمنیی کوردیان دەکرد".
محەمەد نەسرەدین، جەختی لەوە کردەوە: "بەھۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، تاکی کورد ھەست بە شکستێکی گەورە دەکات، بۆیە باشترە ھەموو لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بکەن و بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە 16ی ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەروە بووە".
باسنيوز
