"ھەرێم شکستی بە ئابلۆقەی دیپلۆماسیی بەغدا ھێنا
دکتۆر خەلیل ئیسماعیل، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکاری بەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستاندا ھاتبوو، بەڵام خۆشبەختانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانی سەرکەوێت بەسەر لایەنە سیاسی و دیپلۆماسییەکەدا. حکوومەتی عێراق ھەوڵێکی زۆری دا بەوەی ئابلۆقەی دیپلۆماسی و سیاسی بخاتە سەر ھەرێمی کوردستان و ڕێگە نەدات ئەو پێوەندییە گەرم و بەھێزەی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بمێنێت."
دوێنێ، جان ئێڤ لوردیان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پێوەندیی نێوان ھەولێر و پاریس کۆ بوونەوە و پاڵپشتیی فەرەنسای بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە."
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی: "بەغدا پیلانی ئەوەی ھەبوو ڕێگە نەدرێت ھیچ بەرپرس و کاربەدەستێکی جیھان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، لەسەر ئاستی ئەمەریکا و ئەوروپا، عێراق کاری لەسەر ئەو پیلانە دەکرد، بەڵام بینیمان ماوەکانی ڕابردوو چەندین شاند و گەورەبەرپرسی جیھان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، کە دوا سەردان وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بوون."
دکتۆر خەلیل ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی عێراق بەرنامەیەکی عەجیب و غەریبی بۆ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان داڕشتبوو، بەڵام کە سەری نەگرت ئێستا بەغداش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ناتوانن ڕێگری لە ھەوڵە دیپلۆماسی و جیھانییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن."
kdp-
