داڕمانی کانێکی زێڕ لە ئەفریقای ناوەڕاست ٣٠ کوژراوی لێکەوتەوە
دوای ڕووخانی کانێکی زێڕ لە ڕۆژئاوای کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، لانیکەم ٣٠ کرێكار گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
ڕووداوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ئاب لە ناوچەی ئابا لە شاری نانا-مامبری ڕوویداوە.
بەرپرسانی خۆجێی و دانیشتوانی ناوچەکە ڕایانگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک هەوڵی ڕزگارکەران و خەڵکی ناوچەکە، تەرمی ٣٠ کرێكار لە ژێر داروپەردووەکان دەرهێنران.
بە گوتەی ئەوان، ژمارەیەک کرێكار کە لە ڕووداوەکە ڕزگاریان بووە، بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان.
یەکێک لە کرێكارە ڕزگارکراوەکان بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەگەری ئەوە هەیە کەسانی دیکەش هێشتا لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەگەری دۆزینەوەی کەسانی گیرخواردوو بە زیندووی کەمە.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی داوایان لە دەزگاکانی فریاگوزاری و بەرپرسانی پەیوەندیدار کردووە کە هاوکاری پێویست پێشکەش بکەن بۆ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە کانگاکردنی زێڕی دەستی لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست بەهۆی نەبوونی ئامێری گونجاو و نەبوونی ستانداردی سەلامەتی بە چالاکیەکی مەترسیدار دادەنرێت.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشتر داڕمانی کانی زێر لەم وڵاتەدا ڕوویداوە و لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێكارەکان.
گوڵان: سەردار خەلیل
