ڕێزان شێخ دلێر: بە هیچ شێوەیەک بەشداریى دانیشتنى نایاسایی پەرلەمان ناکەین

 ڕێزان شێخ دلێر: بە هیچ شێوەیەک بەشداریى دانیشتنى نایاسایی پەرلەمان ناکەین
پەرلەمانتارێکى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان، لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕای گەیاند، بایکۆتى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدژى پڕۆژە یاسای بودجە بەردەوامە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین بەشداریى دانیشتنێکى نایاسایی بکەین".

ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "دانیشتنى ئەمڕۆى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەى پڕۆژە یاسایی بودجە، بەڵام لەكاتی دانیشتنەكەدا گرژى و ئاڵۆزى درووست بوو، چونکە ئێمە داواى مافى خۆمان کردووە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشى: "چەند داواکارییەکمان پێشکەشى لێژنەى یاسایی کردووە و بێگومان تاکوو داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ نەکەن، ئامادە نین دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە بدەین".

ڕێزان شێخ دلێر، ئاماژەى بەوەش دا: "سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەناو خۆماندا یەکهەڵوێستین، هەورەها ئێستا هەموومان لە دەرەوەی هۆڵى پەرمانین و بێگومان ناچینە ژوورەوە تا ئەوکاتەى داواکارییەکانمان قبووڵ دەکرێت".

بەپێی زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ هاتنە دەرەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە سوننەکانیش بە بۆنەی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان کە پێشتر عەبادی پێی دابوون، کۆبوونەوەکەیان بایکۆت کردووە و وێڕای لایەنە کوردستانییەکان هاتوونەتەوە دەرەوە.

پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عیراق لە پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لە خوێندنەوەی دووەم دایە و كورد ناڕازییە لەو پشكەی كە بۆی دیاری كراوە و بایكۆتی دانیشتنەكانی كردووە تا داواكارییەكانی جێبەجێ بكرێت هەر بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ چەند ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمان بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشتووە.












(باسنیوز)
Top