عەبادی فەرمانێک لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەردەکات
بەپێی نووسراوێکی سەنتەری ئۆپەراسیۆنە نیشتمانییەکان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندیی داوە لەسەر کردنەوەی سنوورداری ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی.
ھەروەک لە نووسراوەکەدا ھاتووە، حەیدەر عەبادی فەرمانی کردنەوەی ھەردوو فڕۆکەخانەکەی بۆ گەشتەکانی چوون و ھاتنی عەمرەکارانی کوردستان داوە، بەو مەرجەی راپۆرتی ژمارەی گەشتەکان بەشێوەی دەوری، بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، کە تێیدا زیاتر لە %٩٢ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
باسنیوز
