سوننە و كورد دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان بەجێ هێشت

 سوننە و كورد دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان بەجێ هێشت
لایەنە سوننەكانیش هاوشێوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتنە دەرەوە و دانیشتنی پەرلەمانیان بایکۆت کرد.

جەمال كۆچەر، پەرلەمانتارای فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند فراكسیۆنە كوردستانییەكان دوای ئەوەی بە سەرۆكی پەرلەمانیان گوتووە كە كارەكەیان نایاساییە و ڕێز لە ئیرادەی كورد نەگیراوە، هاتوونەتە دەرەوە و دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان بەجێ هێشتووە".

ئەو پەرلەمانتارە کورد گوتیشی: "دوای فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لایەنە سوننەكانیش هاتوونەتە دەرەوەی دانیشتنە و ڕایان گەیاندووەە نایەنەوێ بودجە بەو شێوەیە تێپەڕێت، چونكە پێشتر عەبادی لەبارەی تەرخانكردنی بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەیان چەند بەڵێنییەكی پێدابوون، بەڵام پاشگەز بووەتەوە و بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردووە".

جەمال کۆچەر، ئاماژەی بەوەش دا: "كە ئێستا كورد و سوننە نایانەوێت بەو شێوەیە پرۆژەی یاسای بودجەی سالی 2018ی تێپەڕێت، بەڵام شیعەكان دەیانەوێت تێپەڕێت، هەر بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەنگی لەسەر نەدرێت بەم شێوەیە".

هاوكات دوای چوونە دەرەوەی كورد و سوننە سەلیم جبووری داوای لە پەرلەمانتارانی كورد و سوننە كرد بێنەوە دانیشتنەكە تا جارێكی تر بودجە بنێردرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لێژنەی دارایی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كۆ ببێتەوە تا دەرچەیەك بۆ چارەسەرەكان بدۆزنەوە".

پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عیراق لە پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لە خوێندنەوەی دووەم دایە و كورد ناڕازییە لەو پشكەی كە بۆی دیاری كراوە و بایكۆتی دانیشتنەكانی كردووە تا داواكارییەكانی جێبەجێ بكرێت هەر بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ چەند ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمان بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشتووە.












باسنیوز
Top