سلێمانی لە عەبادی بێئومێد دەبێت
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رای گەیاند: "ئەنجومەنی پارێزگاکان بەپێی یاساکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی ناوچەکانیان دەکەن".
جەختی کردەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرامبەر بەو بەڵێنانەی بە خەڵکی ھەرێمی کوردستانی دابوو و لە گوتاری ھەفتانەیدا بانگەشەی ناردنی مووچەیان دەکرد بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و دەیگوت، خەڵکی کوردستان برسی ناکەین، بەڵام بەداخەوە جگە لە برسیکردن، ھەموو لایەکتان تووشی نائومێدی و دڵەڕاوکێ کردووە.
ڕوونی کردەوە، نەناردنی مووچە ”بە بیانووی وردبینیکردن“، دەبێتە ھۆی نەبوونی متمانە لەنێوان ھاووڵاتییان و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
ھاوکات ئازاد محەمەد ئەمین، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سیستەمی بایۆمەتری بەشێکی گرنگە لە وردبینی کە پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی جێبەجێی کردووە، بۆیە ھیوادارین لای ئێوە عێراقییەکی خاوەن ماف و ھەق بین و دەستووری عێراق لەبارەی مووچەخۆران و مافی جووتیاران و خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە وەک یەکبین و چیتر مووچە دەستی دەستی پێنەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، پەلە لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە بۆ نەخۆش و خاوەن پێداویستیی تایبەت گەلێک گرنگە.
باسنيوز
