بەریتانیا بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان حکوومەتی عێراق هان دەدا

 بەریتانیا بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان حکوومەتی عێراق هان دەدا
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەکات و لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە هانی دەدات.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2018 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاو کراوەتەوە، هەفتەی رابردوو بۆریس جۆنسون، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە و بابەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنگرەی کوێتیان تاوتوێ کردووە.

هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هانی پێشکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر داوە و داوای لە عێراق کردووە، سەرلەنوێ گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە لە 25/9/2017 ئەنجام درا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی داخستووە.









باسنيوز
Top