کوردان لە بەشداریکردنی ئاڵا ئەسەدی و شوان داودی لە کۆبوونەوەکانی شاندی خورماتوو نیگەرانن
عەلی شەریف، یەکێکە لە گەنجە ناسراوەکانی خورماتوو کە وەک خۆبەخشێکیش ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە هەوڵی پاراستنی کوردانی شارەکە، ڕاگەیاند: میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ 2017، تاوانی زۆریان بەرامبەر کورد لەو شارە ئەنجام دا، بەڵام وەک پێویست نەتوانراوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە بە ھەموو دونیا ڕابگەیەنرێت کە حەشدی شەعبی لە خورماتوو تاوانی گەورەی بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی کوردستان ئەنجام داوە".
ئەوەشی نەشاردەوە: ”گرووپێکی ناو یەکێتی کە بوونە ھۆی داگیرکردنی کەرکووک و خورماتوو و شوێنەکانی تر، بە ئاشکرا خاکیان فرۆشت و لایەنەکانی تریش ئێستا خەڵکی خورماتوویان فەرامۆش کردووە و کار ناکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانی کوردانی خورماتوو“.
لەبارەی چوونی شاندەکە بۆ بەغدا و ڕێکخستنی دیدارەکانیان لەلایەن پەرلەمانتارانی سەر بە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، عەلی شەریف ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە بڕوامان بەو ھەوڵانە نییە، چونکە ئەوان ئەگەر راست دەکەن، ئاڵا تاڵەبانی کە تا دوێنێ دژایەتیی کوردی دەکرد، نازانم شاندەکە بۆ ئەو پەرلەمانتارە دەکەنە نوێنەری خۆیان؟یان بە ھەمان شێوە شوان داودی کە ئەویش دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە حەشدی شەعبی ئەو ھەموو کارەستانەی کە لە کەرکووک ئەنجامی دەدا، کەچی دەیگوت کەرکووک ئارامە و پێم سەیرە ئێستا دەکەوێتە پێش ئەوانەی کە ماڵیان سووتاوە یاخود تەقێنراوەتەوە، ئەمەش من بەشتێکی باشی دانانێم“.
بە بڕوای ئەو ھاووڵاتییەی خورماتوو، چارەسەرکردنی پرسی خورماتوو دەبێت لە ڕێگەی سیاسییەوە بێت، چونکە ”ھەرچی ھەوڵی کۆمەڵایەتی ھەیە، کێشەکانی ئێمە چارەسەر ناکات و ئێستا لەبەر ئەوەی نزیکی کاتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق دەبینەوە، تەنانەت ئەو ھێزانەی کە لە خورماتوون، ئێستا تاوان ئەنجام نادەن، بەڵام دوای ھەڵبژاردن دەستی پێ دەکەنەوە و دیسان کورد جینۆساید دەکەنەوە".
هەر لەمبارەیەوە ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو پارتی بەھیچ شێوەیەک لەو سەردانە ئاگادار نەکراوینەتەوە، وادیارە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، دەیانەوێت بەو شێوەیە ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە، چونکە ئەوان ئەو سەردانەیان ڕێکخستووە، ھەروەھا دەیانەوێت بارەگاکانیان بگەڕێننەوە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەوانەی بەناوی خورماتووەوە ڕۆشتوون، نوێنەرایەتیی خۆیان و بەشێک لە یەکێتی دەکەن، لە بەغداش ”سەردانی ئاڵا تاڵەبانییان کردووە و دواتر سەردانی حاکم زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیان کردووە، ئەمان بەناوی ئەنجومەنی شارەکەوە ڕۆشتوون، بەڵام سەردانەکە بووە بە حزبی، ھەرچەندە یەک دوو کەسیان تێدایە کە یەکێتی نین".
پێشتر لە بارەی کۆبوونەوەکانی نێوان خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان و بەرپرسانی هێزەکانی عێراق، ڕەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی کۆمیتەی مەخمووری یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: "ئێمە وەسیلەین لە نێوان خەڵک و لایەنی عێراقی“.
باسنیوز
