باڵێکی گۆڕان و گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵێکی یەک لیستی شکست پێ دەهێنن

 باڵێکی گۆڕان و گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵێکی یەک لیستی شکست پێ دەهێنن
باڵێکی گۆڕان و گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر، خەونی یەکلیستیی کوردستانیی لە ناوچە داگیرکراوەکانی دەست حەشدی شەعبی لەگۆڕ دەنێن و چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، کورد بەو شێوە پەرتەوازەییە بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەو ناوچانە نەکات باشترە. لەلایەکی دیکەشەوە، عەرەب و تورکمانەکان بە یەکگرتوویی لەو ناوچە کوردستانییانە دەڕۆنە کێبڕکێی ھەڵبژاردنەوە.



کۆتایی ھەفتەی رابردوو، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ھەولێر، بە مەبەستی دروستکردنی ھاوپەیمانەتییەکی کوردستانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی دەست حەشدی شەعبی کۆ بوونەوە، بەڵام درێژەی کۆبوونەوەکان، بەپێی زانیارییەکان.
لەلایەن باڵێکی گۆڕان و گرووپی خیانەتکاری ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتییەوە شکستی پێ ھێنراوە.



سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سلێمانی بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەلایەن گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر و باڵێکی گۆڕانەوە، فشار خراوەتە سەر حزبەکانیان کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ لایەنەکان بۆ کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی مادەی ١٤٠ رێک نەکەون.



سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر مانگانە بڕە پارەیەکی زۆریان لە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک بە قاچاخ دەست دەکەوێت و نایانەوێ دۆخەکە بگەڕێتەوە پێشتر، ئەو باڵەی ناو گۆڕانیش پێی وایە ئەوان لەو ھەڵبژاردنەدا کە ھیچ نوێنەرێکیان لە کەرکووک نە لە پەرلەمانی عێراق و نە لە ئەنجومەنی پارێزگاکە نییە، دەتوانن کەڵک لە دۆخی ئەو ناوچانە لەدوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر وەربگرن.



بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بۆ (باس) ڕای گەیاند، دوا کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ دروستکردنی لیستێکی کوردستانی لەو ناوچانە لەسەر داوای ئەوان بووە، بەڵام ھەوڵەکەیان کۆتایی ھاتووە و ئەنجامی ئەرێنی نەبووە، گوتیشی: ”سەرەڕای ئەوەی باجێکی زۆر گەورە دەدەین، بەھۆی ئەو پەرش و بڵاویەی لەو ناوچانە ھەیە، بەڵام بەداخەوە لەو ھەوڵەدا ئەنجامێکی ئەرێنییمان نەبوو».



ئاشکراشی کرد، لە دوا کۆبوونەوەدا کە بە مەبەستی ئامادەکاریی زیاتر بوو بۆ رێکارەکانی پێکھێنانی یەک لیستی لە کەرکووک، بەڵام نوێنەرانی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکە دوا کەوتن و نوێنەرانی (لیستی نیشتمانی)ش کە پێک ھاتون لە (گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری) پەلەیان دەکرد و پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە ڕۆیشتن، ئەوەش شکستی بە کۆبوونەوەکان ھێنا.



لای خۆشیانەوە، محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لایەنی پارتی، بۆ (باس) رای گەیاند، نەبوونی یەکلیستی کاریگەریی خراپی لەسەر دەنگدەرانی کورد لەو ناوچانە دەبێت و باشتر وایە لەو دۆخەدا کورد بەشداریی لەو ھەڵبژاردنەدا نەکات.



پێش ئەو کۆبوونەوەیەش، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی راگەیاندبوو، ئەگەر یەکلیستیی کوردستانی لەو ناوچانە دروست بکرێت، ئەوە پارتی بەشداریی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو ناوچانە دەکات و لە نەبوونی یەکلیستیدا لە ھەڵوێستی ئێستای دەمێنێتەوە، کە بایکۆتی ھەڵبژاردنی لە کەرکووک کردووە.



ھاوکات، محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەکێتی لە کەرکووک بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو پەرتەوازەییەی ناوماڵی کورد، بە زیانی گەورە دەشکێتەوە، گوتی: ”بەداخەوە ئەوەی دەیبینین بەرامبەرەکانمان لە عەرەب و تورکمانەکان بەتەواوی ناو ماڵی خۆیان یەکخستووە و بە لیستی ھاوبەش بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا دەکەن، بەڵام کورد نەیتوانیوە لیستێکی یەکگرتووی ھەبێت”.



جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەگەر کورد لەو ناوچانە یەک لیست و یەکگرتوو نەبێت، ئەوە دوای ھەڵبژاردن راستەوخۆ زیانەکانی وەردەگرێت، گوتی: ”ھەڵبژاردن دەرفەتێک بوو کە بتوانین سەرپێی خۆمان بکەوینەوە، ئەگەر تیایدا بە ھاوبەشی سەر نەکەوین، لەو ناوچانە شکستی دیکەش رووبەڕوومان دەبێتەوە”.



بەڵام، شەماڵ عەبدول وەفا، ھەڵسووڕاوی گۆڕان، لە وتارێکدا کە لە میدیاکانی حزبەکەی بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: “سەیر و سەمەرەیە کە گۆڕان و ھاوپەیمانی و کۆمەڵ بیر لەوە دەکەنەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی بچنە لیستێکەوە، جا بچن یان نەچن چی دەگۆڕێت، کورسییەک کەم یان زیاد چی لە وەزعی کورد دەگۆڕێت لە عێراق، ئەمە خۆ ھەڵخەڵەتاندن نەبێت چی ترە”.



ھەر سەبارەت بەو پرسە، د. بوخاری عەبدوڵا، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بۆ (باس) ڕای گەیاند: «بەشداریکردنی کورد بە یەک لیست بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری کەرکووک گرنگە، چونکە ئەوکاتە دەنگی کورد نافەوتێت، ھەرچی دەنگی کوردە بە دەنگە جیاوازەکانەوە بۆ ئەو لیستە دەڕوات، ئەمەش وا دەکات کە رۆڵی کورد لە شارەکە بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا ئێمە لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراقدا لە کۆی ١٢ کورسی بۆ شاری کەرکووک، کورد ھەشت کورسیی بەدەست ھێنا».



لەبارەی بەشداریی کوردیش لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو، بۆ (باس) ڕای گەیاند: «لە خورماتوو ئەستەمە بۆ کورد بتوانرێت بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکات، لە لایەکی تریشەوە کوردانی خورماتوو لە دوای داگیرکردنی شارەکەیان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بوون».



ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەو دۆخەش یەکێتی بڕیاری داوە کە بچێتە ناو (ھاوپەیمانیی جەماھیریی عەرەبی) و ھەرچی لایەنەکانی تریشە و ھەر لایەنێکیان دەیانەوێت کاندیدیان ھەبێت و لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین ھاوپەیمانی بکەن، ئەوەش بۆ کورد خراپتر لە کەرکووک دەبێت.\

جێی باسە، لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ شدا، ھەر یەک لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ کە بە جیا بەشداریی ھەڵبژاردنەکەیان کرد، بە ھەموویان ٢٨ ھەزار و ٦٠٩ دەنگیان ھێنا، بەڵام نەیانتوانی ھیچ کورسییەک ببەن و بەوەش کورد ٢٨ ھەزار دەنگی لەو پارێزگایە بەو ھۆیەوە لەدەست دا.




باسنیوز
Top