ئەنجومەنى ناوەندیى یەکێتیی داواى بەستنى کۆنگرە دەکات
جەزا سەید مەجید، ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان، ڕاى گەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە 12/ 2/ 2018 ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتیی لەشارى سلێمانى کۆبوویەوە و لە تەوەرێکى کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکى تێرو تەسەل گفتوگۆ لەبارەى بەستنى کۆنگرەى یەکێتیی کراوە.
ئهوهشى خستهڕوو، كه هەموو ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتیی جەختیان لەسەر بەستنى کۆنگرە کردووەتەوە و داوایان کردووە، یەکێتیی بەزوویى کێشەکانى خۆى چارەسەر بکات، بۆ ئەوەى پێش هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق، کۆنگرە ببهسترێت.
ئاماژەى بەوەشدا، یەکێتیی لە هەڵوێستى خۆى پەشیمان نابێتەوە کە بڕیاریداوه کۆنگرە بەستێت، بەڵام گوتی: "ئێمە دەمانەوێ پێش هەڵبژاردنەکان کۆنگرەى چوارم ببەستین، چونکە ناکرێت یەکێتیی کۆنگرە نەبەستێ و بە کۆمەڵێک کێشەوە بەشدارى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق بکات.
پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندبوو، بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی سەر بەو باڵە، بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی وازیان لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی هێناوە و ئێستا پشتیوانی لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەکەن. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕازیبوونیان بە پێشنیازەکانی باڵەکەی، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ڕێگە لەوە دەگرن سەرکردایەتیی حزبەکە بڕیار لەسەر وادەی بەستنی کۆنگرە بدات.
لەمبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕایگەیاند، یەکێتی لە بەرنامەیدا ھەیە کۆنگرە ببەستێ و تا ئێستا نازانن کاتی بەستنی کۆنگرە کەیە، بەڵام ”ھەموومان جەخت لە بەستنی کۆنگرە دەکەینەوە و داوا دەکەین یەکێتی بە زوویی کۆنگرە ببەستێت".
(باسنیوز)
