سەرکردەکانی یەکێتی واز لە باڵی دەستڕۆیشتووی حزبەکەیان دەهێنن

 سەرکردەکانی یەکێتی واز لە باڵی دەستڕۆیشتووی حزبەکەیان دەهێنن
بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشت لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی دەکەن و دەچنە نێو باڵەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی. بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت: ”ئومێدمان بە کۆسرەت ڕەسوڵ هەیە“.



بەپێی زانیاریەکان ئەمڕۆ ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی کۆ بووەتەوە و وا بڕیارە داوا لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بکات، بەپەلە کۆ ببێتەوە و بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرە بدات. لە کاتێکدا بەهۆی هەوڵەکانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، ئاستەنگ بۆ بەستنی کۆنگرە دروست دەکرێت، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی شکستی هێناوە.



لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی سەر بەو باڵە، بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی وازیان لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی هێناوە و ئێستا پشتیوانی لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەکەن. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە کۆسرەت ڕەسوڵ و ڕازیبوونیان بە پێشنیازەکانی باڵەکەی، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ڕێگە لەوە دەگرن سەرکردایەتیی حزبەکە بڕیار لەسەر وادەی بەستنی کۆنگرە بدات.



لەمبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، یەکێتی لە بەرنامەیدا ھەیە کۆنگرە ببەستێ و تا ئێستا نازانن کاتی بەستنی کۆنگرە کەیە، بەڵام ”ھەموومان جەخت لە بەستنی کۆنگرە دەکەینەوە و داوا دەکەین یەکێتی بە زوویی کۆنگرە ببەستێت".



ئەو سەرکردەیەی یەکێتی گوتیشی: "ھەرچەندە لەناو یەکێتیدا پۆستی سکرتێری گشتیی نامێنێ و ھێچ کەسێک خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید ناکات، بەڵام ئێمە ئومێدمان بە کۆسرەت ڕەسوڵ ھەیە کە بتوانێت کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکات".



ئەحمەد قەدەفەری، جەختی لەوەش کردەوە، ھەر کاتێک یەکێتی کۆنگرە ببەستێت، ئەوا ئێمە پێمان وایە کێشەکانی خۆمان چارەسەر دەکەین و یەکێتیی دەگەڕێتەوە، سەر شاڕێگەی خۆی، بەڵام ئەگەر کۆنگرە نەبەستین، ئەوا ناتوانین بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین، بۆیەوە ئەو کاتە یەکێتی ھێندەی دیکە کێشەکانی زەق دەبێتەوە".



پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە تاوەکوو ئێستا نەیانتوانیوە 11 کەس بۆ ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی حزبەکەیان هەڵبژێرن، بۆیە ”ئەگەر نەتوانین 11 کەس هەڵبژێرین، چۆن کۆنگرەمان بۆ دەکرێت“.




باسنیوز
Top