لە هەرێمی کوردستاندا 44 کەناڵی ناوخۆیی دادەخرێن
محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 12/2/2018، ڕاگەیاند: "دوای ئاگادارکردنەوەی ئەو کەناڵانەی کە ژمارەیان لەسەرووی 70 کەناڵە، بۆ چەند جارێک، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی ئەو 44 کەناڵە ناوخۆییانەمان داوە، ئەویش دوای ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، کە پارەی سێ ساڵ نوێنەکردنەوەی مۆڵەتەکەیان قەرزاربوونە“.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ئەو بڕە پارەیەی کە لەلای ئەو کەناڵانە بوون، نزیکەی 3 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت".
محەمەد گەردی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دوای داخستنی کەناڵە ناوخۆییەکان، کەناڵە ئاسمانییەکانیش دەگرێتەوە کە بەشێک لەو کەناڵانە دوو ساڵە مۆڵەتیان نوێ نەکردووەتەوە و قەرزارن پارەی ساڵانەیان نەداوە.
بەپێی زانیارییەکان، 21 کەناڵی ناوخۆیی لە سلێمانی و 20 کەناڵ لە ھەولێر و 3 کەناڵیش لە دھۆک، بەهۆی تازەنەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان پەخشی کەناڵەکانیان ڕاگیراوە.
باسنیوز
