شاندی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە عەفرین
شاندی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و بەرپرسێکی کانتۆنەکەش روونکردنەوە دەدات.
بەپێی هواڵێکی ئاژانسی (هاوار نیوز)، شاندی پەرلەمانی کوردستان شەوی یەکشەممە 11/2/2018 گەیشتووەتە عەفرین و سەدان خەڵکی شارەکە لە پێشوازییان دابوون.
هێڤی مستەفا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کانتۆنی عەفرین لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندەکە، رایگەیاندووە، سەردانەکە هۆکارێکە بۆ بەهێزکردن و یەکریزیی کوردی.
ئەو پەرلەمانتارانە، کە نوێنەرانی هەر پێنج پارتی کوردستانی دەکەن، دەیانەوێ لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی عەفرین بن دوای هێرشی سوپای تورکیا و زانیارییەکان بگەیەننەوە بە پەرلەمانی کوردستان.
ئەندامانی شاندەکە:
- عەلی هالۆ، پەرلەمانیتاری پارتی
- سوهراب میکایل، پەرلەمانتاری یەکگرتوو
- عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری یەکێتی
- ئەبو کاروان، پەرلەماناری شیوعی
- شێرکۆ حەمەئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان
لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
