شاندی پەرلەمانی كوردستان گەییشتە رۆژئاوای كوردستان

 	 شاندی پەرلەمانی كوردستان گەییشتە رۆژئاوای كوردستان
شاندی پەرلەمانی كوردستان گەییشتە شاری عەفرین و، ئەندامێكی شاندەكەیش دەڵێ، رێگەیەكیان دۆزیوەتەوە بۆ گەییشتن بە عەفرین و، ھاوكاریی تەندروستییشیان گەیاندووەتە رۆژئاوا بۆ بریندارانی عەفرین.

ئوپەڕاسیۆنی سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، ماوەی سێ حەفتەیە لەلایەن وڵاتی توركیاوە درێژەی هەیە و، بەپێی ئامارە فەرمییەكان، نزیكەی ٥٠٠ ھاووڵاتیی سڤیل بەو ھۆیەوە بوونەتە قوربانی و بەشێك لە قوربانیانیش ژن و منداڵن، بەڵام لەبارەی زیانەكانی سوپای توركیا و چەكدارانی یەپەگەوە، هێشتا ئاماری دروست بڵاو نەكراوەتەوە.

شاندی پەرلەمانی كوردستان كە لە پێنج كەس پێكھاتووە، گەییشتووەتە نێو خاكی رۆژئاوای كوردستان و بڕیاریش وایە سەردانی ناوچەكانی سنووری شاری عەفرین بكەین، وەك عەلی هالۆی ئەندامی شاندەكەیش دەڵێ، ''تا ناوەندی سەنتەری عەفرین ناوەستین. لەگەڵ خۆمان بڕێكی زۆری دەواودەرمان و چارەسەری پزیشكیمان بۆ برایانمان لە عەفرین بردووە.''

دەستپێكردنی ھێرشی توركیا بە ناوی ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتوون، لەو كاتەوە دەستی پێ كرد كە ئێوارەی رۆژی ١٩/١ـی ئەمساڵ رووسیا سەرباز و راوێژكارەكانی لەو شارە كشاندەوە.

سەرباری ئەوەی ڕێگەی گەییشتن بە شاری عەفرین دژوارە و شەڕ ھەیە، بەڵام وەك نوێنەرەكەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، ھەماھەنگییان لەگەڵ ئیدارەی عەفریندا ھەیە و رێگەیەك دوزراوەتەوە بۆ ئەوەی بگەنە نێو شار.

عەلی ھالو، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەها باس لە ئامانجی سەردانەكەیان دەكات و دەڵێ، "مەبەست لە سەردانی شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەیە، تا بە چاوی خۆمان كاولكاری و ئازار و مەینەتیی خەڵكی سڤیل ببینین. دەمانەوێ لە نزیكەوە بزانین چی دەگوزەرێت لە عەفرین، ھەروەها وەك پاڵپشتییەكی مەعنەوی بۆ خەڵكی خۆمان، بە پێویستمان زانی سەردانی عەفرین بكەین.''

ژمارەی دانیشتووانی عەفرین زیاتر لە نیو ملیۆن كەسە و، لە ساڵانی رابردوودا بە ھۆی رەوشی ئاڵۆزی سووریاوە، ژمارەیەك ئاوارە روویان لەو شارە كردبوو، بەڵام دوای دەستپێكردنی شەڕ و تا ئێستا، ٦٠ ھەزار كەس لە عەفرین ئاوارە بوونە و بە گوتەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش، رەوشی مرۆیی لە عەفرین و دەوروبەری لە مەترسیدایە.

عەفرین یان زەیتوون، ئەو شارە كوردستانییەی بە دار زەیتوون ناوی دەركردووە و، ھەژدە ملیۆن دار زەیتوونی ھەیە و، زۆرینەی بەرھەمی زەیتوون لە سووریا لە شاری عەفرینەوە بەرھەم دێت.
kdp-
Top