فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات بەشێک لە زەویی سایلۆی کۆنی سلێمانی بکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سایلۆی کۆنی سلێمانی تەقێندرایەوە لەبەر ئەوەی کۆن ببوو و بڕیارە شوێنەکەی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتوگوزار تەرخان بکرێت.
لەم بارەیەوە، سەرکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، زیاد کاکە ڕەزا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار وایە شوێنی سایلۆی کۆنی سلێمانی کە تەقێندراوەتەوە و ڕووبەرەکەی ٢٧ دۆنمە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتوگوزار تەرخان بکرێت، ئێمەش پێشنیارێکمان داوەتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی لە بەشی نیشتەجێبوون، ئەنجومەن لەگەڵ پارێزگا و وەبەرھێنان بتوانن ھەندێک یەکەی نیشتەجێبوون بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ھیوا ڕەئووف دروست بکەن بە نرخێکی گونجاو، کە تەنھا سەرمایەدارەکان لێی سوودمەند نەبن، بەڵکو چینی مامناوەند، وەکو فەرمانبەریش لێی سوودمەند بن."
زیاد کاکە ڕەزا گوتیشی: "ئەمە موڵکی گشتییە و پێویستە ھەمووان سوودی لێ وەرگرن و پێشتر زۆرینەی موڵکی گشتی کە بۆ وەربەرھێنان دابین کراوە تەنیا خەڵکی دەوڵەمەند و سەرمایەدار لێی سوودمەند بوونە، بۆیە ئەگەر ئەمە بکرێت خزمەتێکی باش دەبێت و ھەموو چینەکان سوودی لێ وەردەگرن."
سەرکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئەمڕۆ ئەو داواکاریەم بە ئیمزای چەند ئەندامێکی ئەنجومەن پێشکەشی ئەنجومەنی پارێزگا کردووە، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدەن."
kdp-
