پەرلەمانتارێک: ھەرچەندە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕێککەوتبوون نەچنە کۆبوونەوە بەڵام ئاڵا تاڵەبانی و گرووپەکەی چوون

 پەرلەمانتارێک: ھەرچەندە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕێککەوتبوون نەچنە کۆبوونەوە بەڵام ئاڵا تاڵەبانی و گرووپەکەی چوون
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ھەرچەندە کورد ڕێککەوتبوو نەچێتە ناو ھۆڵی کۆبوونەوەوە، بەڵام کاتێک بابەتی بڕوانامە ھاتە ئاراوە، ئەوا ئاڵا تاڵەبانی و گرووپەکەی چوونە ژوورەوە، گۆڕان و کۆمەڵێش بەھەمان شێوە، واتە ئەوەی لەدەرەوە مایەوە پارتی و یەکگرتوو بوون.

ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند: "ھەرچەندە بەحسابی خۆیان ڕێژەی یاسای کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان تەواو کردووە و ئەو پرۆژە یاسایەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان بۆ بڕوانامەی ئامادەی گۆڕیوە، بەڵام ئەوە بەھیچ جۆرێ یاسایی نییە، چونکە سەدرییەکان لەو حاڵەتەدا ھاتنە دەرەوە، پێش ئەوەش بچنە ژوورەوە گوتیان ئەگەر بابەتی بڕوانامە بکرێتەوە ئەوا دەکشێینەوە لە کۆبوونەوە، ھەر بۆیە کشانەوە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەرچەندە کورد ڕێککەوتبوو لەسەر ئەوەی کە نەچنە ھۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام کاتێک بابەتی بڕوانامە ھاتە ئاراوە، ئاڵا تاڵەبانی گرووپەکەی خۆی بردە ژوورەوە، ھەورەھا ئارام محەمەدیش لەگەڵ گرووپێکی گۆڕان و کۆمەڵیش لە ژوورەوە بوون، ئەوەی لەدەرەوەی ھۆڵی کۆبوونەوە مایەوە تەنیا پارتی و یەکگرتوو بوون، بۆیە ئێمە وەک کورد پەرتەوازەیمان پێوە دیارە".

ئاشکراشی کرد، کە لەبەر ئەوەی ئاڵا تاڵەبانی، سەلیم جبووری چەند کەسێکی دیکەی وەک محەمەد کەربوولی و خالید ئەسەدی بڕوانامەی بەکالریۆسیان نییە، ویستیان ئەو یاسایە تێبپەڕێنن، بەڵام لە ڕووی یاسایشەوە ئەو یاسایە تەواو نییە و ئەوەی کراوە ھیچ بنەمایەکی نییە".

بڕیار بوو، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، دوای ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو کرا، بەڵام بەھۆی بایکۆتی کوتلەی ئەحرار، کۆبوونەوەکە بۆ سێشەممەی داھاتوو، دواخرا.

پێشتر فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارە سوننەکان بایکۆتی کوبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کردبوو.










(باسنیوز)
Top