سوننەکان داوای ھاوکاری لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەن

 سوننەکان داوای ھاوکاری لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەن
لایەنە سونییەکان لەکۆبونەوەیەکدا، لەگەڵ سەرۆکی ھەر پێنج فراکسیۆنە کوردییەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای ھاوکارییان لە کورد کردووە، لەبەرامبەریشدا کورد داوای لە سوننەکان کردووە، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، سوننەکان ھاوکاریان بن.

عەرەفات کەڕەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، کە لایەنە سوننەکان ھاتونەتە لایان و داوایان لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کردووە کە ڕازی بن لەسەر ئەوەی لە پڕۆژەیاسایەی کە تایبەتە بە بڕوانامەی پەرلەمانتاران، تاکو 20% بۆ بڕوانامەی ئامادەیی تەرخان بکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە بە لایەنە سوننەکانیان ڕاگەیاندووە، بە مەرج ئامادەن دەنگی لەسەر بدەن، کە ئەویش دەبێت سوننەکان لەگەڵ داواکارییەکانی کورد بن، بەتایبەت لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی.

ئاشکراشی کرد، کە لە کۆبوونەوەدا لەگەڵ سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرنج و داواکارییەکانی خۆیانی بۆ سەبارەت بە بودجە خستووەتەڕوو.

بڕیار بوو، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، دوای ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو کرا، بەڵام بەھۆی بایکۆتی کوتلەی ئەحرار، کۆبوونەوەکە بۆ سێشەممەی داھاتوو، دواخرا.

پێشتر فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارە سوننەکان بایکۆتی کوبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کردبوو.










باسنیوز
Top