ڕێبوار تاڵەبانی: ئەوانەی بانگەشەیان دەکرد دوای 16ی ئۆکتۆبەر کەرکووک ئارام دەبێت پەشیمانن
ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: "بەھۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی شاری کەرکووک لەڕووی ئەمنییەوە وەکوو خۆی نەماوەتەوە و ھاونیشتمانیانی ناوچەکە خۆیان دەڵێن، متمانە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و ھاووڵاتیاندا نەماوە و ئەوانەی پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بارودۆخی کەرکووک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا پەشیمانن لەو جۆرە قسانە، چونکە بارودۆخی کەرکووک لە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر ئارام بووە، بێگومان ئەوەی کە ئێستا لە شاری کەرکووک دەگوزەرێت، ھیچی بەپێی دەستوور و یاسا بەڕێوە ناچێت، چونکە ئەنجومەن و ئیدارەی شارەکە پێشێل کراوە و پێویستە ھەماھەنگیی زیاتر ھەبێت".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا: "کەرکووک ناوچەیەکی کێشە لەسەرە بێگومان پێویستە بەپێی دەستوور ھێزێکی ھاوبەش کۆنتڕۆڵی بارودۆخی شارەکە بکات، بەڵام ئێستا ئەو بەشەی ھەرێمی کوردستانی تێدا نەماوە کە خۆی لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەبینێتەوە، بەڵام بەھۆی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، ھەموو لایەک ھەوڵی ئەوە دەدات دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بێگومان ئێمەش تەمەنای ئەوە دەکەین ئەو ھەوڵانە دەرئەنجامی باشی ھەبێت".
ڕێبوار تاڵەبانی، باسی لەوەش کرد: "ئەگەر باسی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بکەین، دەبێ بە کردار بیسەلمێنین بێگومان کراداریش بە دەستوور دەبێت، بەڵام ئێستا دەستوور لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێشێل کراوە، ھەرچەندە کەرکووک ناوچەیەکی گرنگی کوردستانییە و زەوت کراوە، بەڵام دەبێت ھەوڵەکان چڕتر بکەینەوە بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتە یاسایییانە بگەڕێنەوە شاری کەرکووک".
باسنیوز
