فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری عەفرین بۆردومان دەكەن

 فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری عەفرین بۆردومان دەكەن
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە 11/2/2018، لە 23یەمین ڕۆژی ئەو هێرشانەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردوومانی سنووری شارەدێیەكی سەر بە عەفرینیان كرد.

میدیاكانی نزیك لە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بڵاویان كردەوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی هەر دوو گوندی "ئەخجەلی و بافلور"ی سەر بە شارەدێی "جەندریسە"یان لە شاری عەفرین كردووە.

میدیاكان تاكوو ئێستا ڕێژەی زیانەكانی ئەو بۆردوومانانەیان ئاشكرا نەكردووە.

23 رۆژ تێپەڕ بەسەر هیرشە زەمینی و ئاسمانییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەبێت.

دوێنێ یەكشەممە 11/2/2018، یەپەگە لە سنووری عەفرین دوو کۆپتەری جەنگیی توركیا خستە خوارەوە کە لانیكەم 11 سەربازی توركیا كوژران و بەو هۆیەشەوە هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین زیادیان كردووە، بەڵا سوپای تورکیا ئیدیعای کردووە کە تەنیا یەک کۆپتەریان خراوەتە خوارەوە.

رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون)، ھێرشی کردە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و ھەتا ئیستا سەدان ھاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی.











باسنیوز
Top