پرسی بودجە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لابرا

 پرسی بودجە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لابرا
بڕیارە كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كارنامەی دانیشتنەكەی لەسەر 21 خاڵ بێت، جگە لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت تا ئێستا ڕێژەی نیسابی كۆتایی نییە بۆ گرێدانی دانیشتنەكە.

نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەماندا چەند پرسێك جگە لە بودجەی تێدایە، هەر بۆیە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد بەشداریی دانیشتنەكە ناكەن و بەشێكی دیكەیان بەشدار دەبن.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "هۆكاری بەشداری نەكردنیان ترسی ئەوەیان هەیە دوای نیسابی دانیشتنەكە پرسەكە بە دەنگدان بهێنرێتە نێو دانیشتنەكەوە، چونكە پێشتر چەند جارێك وا لە كورد كراوە".

پەپێی خشتەی كاری پەرلەمان ئەمڕۆ باس لە پێشنیازی دەنگدان لەسەر ئەندامانی پێكهێنانی لێژنەیەك لەسەر ڕووداوەكانی دوزخورماتو، هەروەها پێكهێنانی لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر نەوتی كەركووك، هەروەها خاڵێكی دیكە دەنگدانە لەسەر یاسای پێشنیازكراوی دەستەی پەیوەندیی ڕاگەیاندنی عێراق.










(باسنیوز)


Top