پەرلەمانتارێکی پارتی بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەداتەوە

 پەرلەمانتارێکی پارتی بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەداتەوە
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و ڕای گەیاند، لەدەستدانی خاکی کوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە نەبوو، بەڵکوو بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بوو.



قادر ڕەزگەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند کە دەبێت بە بیانووی لەدەستدانی ڕووبەرێکی فراوانی خاکی کوردستان، ئەو کەسانە دادگایی بکرێن کە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داوە.



لە بەرامبەردا نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە لە فراکسیۆنی پارتی دایە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەبری دادگاییکردن و لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی کە کەرکووکیان فرۆشت، ئێستا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەنە بیانوو کە ئەویش بۆ شاردنەوەی خیانەتەکەیانە لە خەڵکی کوردستان، کە ھەتاھەتایە لە فکری خەڵکیدا دەمێنێتەوە".



ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ھیچ پەیوەندییەکی بە 16ی ئۆکتۆبەرەوە نییە، بۆیە دەبێ ئەو کەسانەی کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان کردووە، دادگایی بکرێن کە بوونە ھۆی ئاوارەبوونی خەڵک و لەدەستدانی کەرکووک و نیوەی خاکی باشووری کوردستان".



نازم ھەرکی ئاماژە بۆ ئەوەش دەدات: "کە کاتێک ھێزی دیجلە ویستی ھێرش بکاتە سەر کەرکووک، بودجە و قووتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڕدرا، خۆ ئەو کاتە باسی ڕیفراندۆم لە گۆڕێدا نەبوو، بۆیە ھەموو پاساو و قسەکانیان تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی خیانەتەکەیان و ئاستەنگە بۆ کارەکانی لێژنەکەی پەرلەمان".



ئەمە لە کاتێک دایە کە ئەو گرووپە خیانەتکارەی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا و بوونە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی ڕووبەری خاکی هەرێمی کوردستان و سەرهەڵدانەوەی تەعریب و شەهید و برینداربوون و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی باشووری کوردستان، ئێستا هەوڵەکانیان بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم لێژنەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر چڕ کردووەتەوە و دەیانەوێ هەرچۆنێک بێت، لێژنەکە لە ئامانجە سەرەکییەکەی کە لێکۆڵینەوەیە لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و خیانەتی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، دوور بخەنەوە.



باسنیوز
Top