توێژەرێکی سلێمانی: گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر دەیانەوێ بە عەفرین ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە
سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی ڕاگەیاند: خۆپیشاندان و پێشگیری ھەندێک لایەنی کوردی بۆ عەفرین کە لە ڕۆژانی ئەنجامیان دا، جدی نییە و تەنیا موزایەدەی کوردایەتییە، چونکە نابێتە مەترسی بۆ سەر بەرژوەندییەکانیان، بۆیە ئەنجامی دەدەن، ئەگەر بزانن بەرژوەندییان دەخاتە مەترسییەوە، بۆ یەک چرکەش ئەنجامی نادەن، بێدەنگی لە بەرانبەر کەرکووکیش باشترین نموونەیە".
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: "ئەو گرووپەی کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا، سۆزیان بۆ کەرکووک، نەبوو ئێستا چۆن بۆ عەفرینیان دەبێت، چونکە ئەگەر ئەوان کەرکووک بە لایانەوە گرنگ نەبێت، چۆن عەفرین بە لایانەوە گرنگ دەبێت؟ جگە لەوەش بازرگانی و جۆرە هەڕاجکردنێکی ھەڵوێستەکانیانە کە بە حیسابی خۆیان دەیانەوێت ڕووی خۆیان لای میللەت سپی بکەنەوە".
بە گوتەی سۆران سێوکانی پاڵپشتییەکانی ئەو لایەنانە ئەگەر جددی بوونایە، ئەوا بە ماددی و مەعنەوی ھێزی ھاوکارییان ڕەانەی عەفرین دەکرد، چونکە ھەموو کەس دەتوانێت خۆپیشاندان ئەنجام بدات".
دوای ھێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، کاردانەوەی جیاوازی وڵاتانی جیھان، ھەروەھا ناوخۆیشی بەدوای خۆیدا ھێنا، ھەندێک لایەن لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و ھەروەھا ئەو گرووپەی کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا و زیاتر لە نیوەی ڕووبەری باشووری کوردستانیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق کرد، ئێستا لەڕێگەی خۆپیشاندان و ڕاگەیاندنەکانەوە باس لە عەفرین دەکەن و پشتیوانی لەو شارە دەکەن بەرامبەر بە هێرش و داگیرکاریی تورکیا.
باسنیوز
