تاڕق حەرب: عەبادی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان یاری بەکات دەکات و بە زیانی خۆی دەشکێتەوە
تاڕق حەڕب، پسپۆڕی یاسایی ناسراوی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 10/2/2018، رایگەیاند: "بەشێک لەو کێشانەی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە یاساییەوە بوونەتە سیاسی و بەغدا دەستووری پێشێل کردووە".
لەبارەی دواخستنی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان و خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، ئەو پسپۆڕە یاساییە، ئەوەشی خستە روو، کە حکوومەتی عێراق لەجێبەجێکردنی ئەو یاسایانە، کەمتەرخەم بووە، لەسەر عێراق پێویست بوو پێشتر بڕیارەکانی جێبەجێبکردایە.
ئاشکراشی کرد، کە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئێستا بۆتە بابەتی سیاسی و ھەڵبژاردن، نەک یاسایی، بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق لێی بەرپرسیارە و لە چارەسەرکردنیان یاری بەکات دەکات، کە دواتر بەزیانی خۆی دەشکێتەوە.
لەماوەی ڕابردوودا چاودێرانی سیاسی وپسپۆڕانی یاسایی، ئەوەیان خستبوویە روو، کە حەیدەر عەبادی، پرسی ھەرێمی کوردستان، وەکو کارتێکی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنێت و خۆی دەدزێتەوە لەچارەسەرکردنی کێشەکان، سەرەڕای ئەو داوا نێودەوڵەتییانە و ئامادەبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن.
باسنیوز
