خورماتوو.. تەرمی پێنج کەس دۆزرایەوە
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ شەممە 10/2/2018، لە سنووری شاری خورماتوو تەرمی پێنج ھاووڵاتیی دۆزرایەوە، کە پێشتر لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە رفێنرابوون.
پێشتر کاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕای گەیاندبوو: "دوای نیوەڕۆی رۆژی ھەینی ڕابردوو لە نزیک گوندی (حلێوە)ی سەر بە خورماتوو پێنج ھاووڵاتیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنران".
سێ لە قوربانییەکان عەرەبی سوننەن و دوو کەسی تریشیان تورکمانی شیعەن و پیشەیان شوان بووە، لە دەشتاییەکانی گوندی حلێوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنرابوون و پاشان کوژراون.
دوای داگیرکردنی شاری خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتکاری 16ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی کوشتن و ڕفاندن زیادی کردووە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
